سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسولی گشتی نوێی ئەڵمانیا دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئۆکتۆبەری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە كونسولی گشتی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسولی گشتی ئەڵمانیا دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
کونسولی گشتی ئەڵمانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ئاماژە بە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کرا کە لە کەشێکی ئارام و دیموکراتیانەدا ئەنجام درا سەرەڕای هەبوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی و بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران لە مافی دەنگدان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی و پێویستی دەستکردن بە رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە زووترین کاتدا، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.