سەرۆك بارزانی و كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا باسیان لە پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان كرد
سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە كونسوڵی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد و باسیان لە پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێمی كوردستان كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئۆکتۆبەری 2024، لە سەلاحەدین، سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد، لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ بەڕێوەچوونی سەركەوتوانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و بە هەنگاوێكی گرنگی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغێكی تازەی ژیانی سیاسی وەسف كرد.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەها هەنگاوەكانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر خواست لە ئەرك و كارەكانیدا، هەروەها هیوای ئەوەشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.