یەكێتی، هەموو توانای میلیشیاکان و دادگای فیداڵی و یاساکانی خرایە خزمەتەوە کەچی نیوەی پارتی دەنگی هێنا
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی بڵاو کردەوە، بەپێی ئەنجامەکان پارتی 809.197 دەنگی بەدەست هێنا و یەکێتیش 408.141 بەدەست هێنا کە دەکاتە نیوەی دەنگەکانی پارتی.
لەو بارەیەوە شیرین عەبدولڕەحمان دینۆ، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ”هەرچەندە یەكێتی وا نیشان دەدات كە دڵی بەو ئەنجامانە خۆشە و بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك سەركەوتن! وێنای دەكات، بەڵام راستییەكەی شتێكی دیكەیە و یەكێتی دۆڕاوی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە.“
ئاشکراشی کرد ”هەموو كەسێكی هۆشیار ئەوە دەزانێت كە چەندان مانگ پێش ئەوەی خەڵك بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، لە لایەن وڵاتێكی ئیقلیمییەوە بەڵێنی پێ درابوو سی کورسی بۆ تەزویر بکرێت، خۆشبەختانە پارتی ئاشکرای کرد و هەموو هەوڵی خستە گەڕ تا رێ لەو تەزویرە گەورەیە بگرێت، ئنجا دادگای فیدڕاڵی عێراق و توانای زۆر لە میلیشیاكانی عێراقیان خستە خزمەتی یەكێتی تەنیا لەو پێناوەی كە هەم دەنگەكانی یەكێتی زیاد بكات، هەم دەنگەكانی ئەو حزبانەی كە لە بەرەی ئیرهابی فیكری و بەرەی نەیاری هەرێمی كوردستانن، بەو ئامانجەی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان پەرلەمانێك بێت كە باڵانسەكەی لە قازانجی ئەوانە بێت كە دەیانەوێ هەرێمی كوردستان لاواز بكەن یان هەڵبوەشێننەوە.“
روونیشی كردەوە: ”جێی خۆشحاڵییە كە لە هەڵبژاردندا خەڵكی كوردستان بڕیارە دروستەکەیان دا و نەكەوتنە ژێر كاریگەریی پیلانەكانی ئەو لایەنانەی دەیانەوێ بەكرێگیراوانی خۆیان ببنە زۆرینە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە نزیكەی 809.197 دەنگدەری هەرێمی كوردستان دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا، لە كاتێكدا تەنیا 408.141 دەنگیان بە یەكێتی دا كە بەپێی ئەم ئەنجامەش، پارتی بوو بە خاوەنی 39 كورسی و یەكێتیش تەنیا 23 كورسی هێنا كە لەمەشدا دیسان دیزایینەكەی وڵاتان لەڕێی دادگای فیدڕاڵییەوە فریای یەكێتی كەوت، چونكە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبوایە هەڵبژاردن بە یەك بازنە بكرێت، بەڵام ئەوانەی دەیانویست هەرچۆنێك بێت یەكێتی سەربخەن، ئەم یاسایەیان پێشێل كرد و لە رێی دادگای فیدڕاڵییەوە كردیان بە چوار بازنە، ئەگینا ئەگەر هەڵبژاردنەكەی كوردستان بە یەك بازنە بوایە، ئێستا پارتی 46 كورسی بەدەست هێنابوو.“
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دووپاتی كردەوە: ”دۆڕاوی یەكەم لەم هەڵبژاردنە یەكێتییە، چونكە ئەوانەی ئەم هەموو پێشێلكارییەیان كرد تا دیزایینێك بە قازانجی یەكێتی دابنێن، چاوەڕێ بوون دەنگەكانی یەكێتی و چەند حزبێكی پاشكۆی خۆیان زۆر بەرز بكەنەوە و پارتی كورسییەكی ئەوتۆ نەهێنێت، بەڵام ئەوەتا دەبینین خەڵكی كوردستان شكستیان بەم پیلانە هێنا و یەكێتی و میلیشیاكانیان بێئومێد کرد.”