ياداشتنامەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودیە لەبواری پزیشکی واژۆ کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، ياداشتنامەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودیە لەبواری پزیشکی واژۆ کرا.
پ.د.ئاریانا خالس جواد، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان ياداشتنامەی لێکگەیشتنی لەگەڵ پ.د.اوس شمسان، ئەمینداری گشتیی دەستەی سعوودیە بۆ پسپۆڕیە تەندروستییەکان واژۆ کرد، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنەکە.
ئامانج لە واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە پاڵپشتیکردنی خوێندنی پزیشکیی و ڕاهێنانی پیشەیی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ پەرەپێدانی کارمەندانی پزیشکیی و تەندروستی لە هەردوولا.
ئەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی پابەندبوونی هەردوو ئەنجومەنەکە دێت بۆ باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی و پەرەپێدانی خوێندنی بەردەوام کە یارمەتیدەرە بۆ بەرەپێشبردنی ئاستی چاودێری تەندروستی لە ناوچەکەدا.
واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە لە پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان بە شێوازێکی فەرمی بانگێشت کرابوو بۆ پێشانگەی تەندروستی جیهانی Global Health، لە لایەن دەستەی سعوودی بۆ پسپۆڕییە تەندروستیەکان.