مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان لە لێواری قۆناغێكی تازە دایە و خۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت ئامادە دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/10، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان – هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێكدا كە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی کرد ئاماژەی بەوە كرد، ئەم ئاهەنگی دەرچوونە چركەساتێكی مێژووییە لە ژیانی قوتابیيانی دەرچوو و خێزانەکانیان، بۆیە مرۆڤ، شانازی و هیوا لە چاوەكانی دەرچووان دەبینێت، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان بۆ قۆناخێكی نوێی ژیانیان ئامادە دەكەن.
سەرۆكی حكومەت ڕوونی كردەوە كە دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیيان، بەشداریيهکی گرنگە لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هیوای خواست کە ڕۆڵێکی دیاریان لە بونیادنانی ئایيندەیەکی گەش بۆ کوردستان و بەرزكردنەوەی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان هەبێت.
سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشكی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی كوردستان و جەختی کردەوە کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان. کە پێویستە حکومەتکە لە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو بێت، ئەمەش دەخوازێت زیاتر هاوكاریی لە نێوان دامەزراوەكاندا هەبێت.
جەختیشی کردەوە کە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن هەمیشە لە بەرنامە و كارەلەپێشینەکانی حکومەتدا دەبێت.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارەكەیدا گوتی: ئەو سەرکەوتنەی لەم هەفتەیەدا لە هەڵبژاردنەکان بەدەستمان هێنا، ئەو ئەرکەی نوێکردەوە کە لە لایەن گەلەوە پێمان سپێردراوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دکەم کرد كە بێنە پاڵ پڕۆژەی نیشتمانیمان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات لە ڕێگەی خستنەگەڕی تواناكانی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییەكان.
ئاماژەی بەوەش كرد كە هاوهەڵوێست بوون لەبارەی گرنگی و برەودان بە بوارەکانی خوێندن و فێركردن، دەمانكات بە هێزێكی لە بن نەهاتوو، ئێستاش دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ڕیزەكانمان یەك بخەین، بۆیە ئەرکی حكومەتی نوێیە كە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە و بە یەكڕیزییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییە ئابوورییەكان بكات لە ناوچەیەكدا كە بە لە ئاڵۆزی و نائارامیدا.
سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستە ڕوو کە هەرێمی كوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەكی پڕ لە نائارامی و گێژاودا، بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە .
سەرۆكی حكومەت هەروەها باسی لە بەشێك لەو دەستكەوتانە كرد كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە، لەنێویشیاندا پڕۆژەی (هەژماری من) كە تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لەم پرۆژەیەدا تۆمار كراون. جگە لە پرۆژەی كارەبای (ڕووناكی) كە ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیەش پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێناوە، بەوەی كە تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی سوودمەندبوون لە كارەبای بیست و چوار کاتژمێری، هەروەها پلانەکانیش بەردەوامە و پڕۆژەكە سلێمانی و دهۆكیش دەگرێتەوە.
هەروەك سەرۆكی حكومەت جەختی لە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ كردەوە، پابەندیی حكوومەتیشی دووپات كردەوە بەو هەوڵانەی كە ئامانجیەتی كوردستان ببێت بە سەبەتەی خۆراك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە داوای لە دەرچوان كرد بەشداریی لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا بكەن لە ڕێگەی داهێنان و زیادكردنی بەرهەم.
سەرۆکی حکومەت داواشی لە دەرچووان کرد کە وابەستەی كوردستان بن و پشكداریی لە بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و یەكگرتوودا بكەن. بەڵێنیشی دا كە پشتیوانیی هەموو دەستپێشخەرییەكی داهێنەرانە بكات كە پێشكەشی دەكەن، جا چ لە دامەزراوەكانی حكوومەتەوە بێت یانیش لە كەرتی تایبەت. ئەوەشی خستە ڕوو كە خواست و متمانەبەخۆبوون كلیلی سەركەوتنن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەکان.
سەرۆك وەزیران سوپاسی دایك و باوكی قوتابیانیشی كرد بەرامبەر بەوەی كە هەوڵێكی گرانبەها و بەنرخیان لەپێناو ڕۆڵەكانیان داوە، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژی لێزلێنانە لەوان و هەوڵە لەخۆبردوانەكەیان. لە كۆتاییشدا داوای لە دەرچووان كرد كە بە متمانەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.