سەرۆک بارزانی چۆن باسی داستانی سحێلا دەکات؟ شكستەکە گەورەکەی داگیرکەران چۆن ، گۆڕانی بەسەر هاوكێشەكاندا هێنا و دانوسـتان دەستی پێ كرد؟

ئەمڕۆ 7 ساڵ بەسەر شەڕی سحێلا و مەحموودییەدا تێپەڕ دەبێت كە سەرۆك بارزانی بە ”یەكێك لە گەورەترین نەبەردییەكانی مێژووی نوێی گەلی كوردستان“ وەسفی كردووە.

سەرۆك بارزانی، لە لاپەڕە 117ی كتێبی (بۆ مێژوو)دا و لە چوارچێوەی گێڕانەوەی رووداوەكانی رۆژانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، باسی لە قارەمانێتی و بەرخودانی پێشمەرگە و خۆڕاگرییان بەرامبەر بە پیلانی داگیركەرانی عێراقی و ئێرانی دەكات و تێیدا ئاماژە بەوە دەدات: ”بەرخودانی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكان بەردەوام بـوو، هەتا لە 26ـی ئۆكتۆبەر لە بەرەی مەحموودیە و سحێلا، هێزەكانی عێراقی و حەشدی شەعبی بە هاوكاریی هێزەكانی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنان و بـە فەرماندەیی راستەوخۆی ئەفسەرێكی پاسداری ئێرانی بـە ناوی سەید موختار (كــە لـەو شـەڕەدا برینداریش بوو)، بە مەبەستی گرتنی پیشخابوور پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان دا، بەڵام دووچاری شكستێكی زۆر گەورە بوونەوە.“

سەرۆك بارزانی جەختی كردۆتەوە كە ”شەڕی سحێلا یەكێكـە لـە گەورەترین نەبەردییەكانـی مێـژووی نوێی گەلی كوردسـتان. ئـەو شكستە، گۆڕانـی بەسـەر هاوكێشـەكاندا هێنـا و دانوسـتان دەسـتی پـێ كـرد.“ هەرچەندە نەیشاردۆتەوە كە تا ئەوساتەش، حەیدەر عەبـادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ”هێشـتا هـەر لووتبـەرز و مەغروور بـوو و ئامادەی دانوسـتانی سیاسی نەبـوو، داوای ئـەوەی دەکرد كـە تیمـە فەنییە سەربازییەكان دانوستان بكەن.“

لە هەمان لاپەڕەی كتێبی (بۆ مێژوو)دا سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە كە ”لـە یەكەم گەڕی دانوستاندا، نوێنەرانـی هێزە عێراقییەكان و نوێنەری سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان ئامادە ببوون. لە دانوستانەكاندا عێراقییەكان بەپێی قسە و فەرمانــی نوێنەرانی ئێران و حزبوڵا دەجووڵانەوە. ئەمە لــە ڕاستیدا ئەوپەڕی سووكایەتیكردنی عەبادی بوو بە سەروەریی عێراق كـە خەڵكی بیانی بێت و بڕیار لەسـەر دیاریكردنی هێڵەكانی تەماس بدات. بۆیە بڕیــارم دا چیر تیمی دانوستانكاری ئێمە لەگەڵیاندا دانەنیشن.“

Back to top button