یه‌كێك له‌ گرنگترین خاڵه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیدانه‌ به‌ میكانیزمه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ، پشتیوانی كردنی كه‌رته‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی گه‌شتیاری، ئاسانكاری كه‌رتی گواستنه‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان و به‌ستنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كان به‌ یه‌كتر، له‌و پێناوه‌ش دا، سه‌دان پڕۆژه‌ی جیاوازی درووست كردنی پرد و ڕێگه‌وبانی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان ئەنجامداوە و ملیاره‌ها دۆلاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخات كردووه‌.

به‌هێزتركردنی ژێرخانی ڕێگه‌وبان، پشتیوانی كردنی كه‌رته‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی گه‌شتیاری، ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ، به‌ستنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كان به‌ یه‌كتر، ڕووبه‌رێكی فراوانی له‌ كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پێكهێناوه‌، له‌و پێناوه‌ش دا، حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌ندان پڕۆژه‌ی ستراتیجیی ڕێگه‌و بانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی شاره‌كانی جێبه‌جێ كردووه‌.

كۆی پڕۆژه‌ نوێیه‌كانی پرد و ڕێگه‌وبان كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێكراون، ژماره‌یان 585 پڕۆژه‌یه‌ و 75ـیان پڕۆژه‌ی ستراتیجین و به‌ گوژمه‌ی 930 ملیار دینار کراون و تێكڕای درێژی كۆی پڕۆژه‌كان ده‌گاته‌ 1363 كیلۆمه‌تر.

ئەو پرۆژانەش بریتین لە:

ڕێگه‌ی هه‌ولێر – دهۆك به‌ درێژی 86 كیلۆمه‌تر و تێچووی 399 ملیار دینار، ڕێگه‌ی سپیلك – خه‌لیفان به‌ درێژی 8.5 كیلۆمه‌تر تێچووی 64 ملیار دینار، تونێلی پیرمام به‌ درێژیی 2.5 كیلۆمه‌تر تێچووی 189 ملیار دینار، پردی ده‌ربه‌ندی ڕانییه‌ به‌ درێژیی 400 مه‌تر‌ تێچووی 12 ملیار دینار، پردی زێی گه‌وره‌ به‌ درێژیی 900 مه‌تر و تێچووی 43 ملیار دینار، ڕێگه‌ی كه‌لار – كفری به ‌درێژیی 25 كیلۆمه‌تر و تێچووی 43 ملیار دینار، هەروەها ڕێگه‌ی باعه‌درێ – ئێتیت به‌ درێژیی 26 كیلۆمه‌تر و تێچووی 135 ملیار دینار.

سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌ش كه‌ له‌ ناوخۆی شاره‌كان له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌م جێبه‌جێكراون، ژماره‌یان 1967 پڕۆژه‌ن به‌ گوژمه‌ی ترلیۆنێك و 863 ملیار دینار جێبه‌جێكراون و به‌گوێره‌ی پارێزگاكان.

پۆڵینبه‌ندییه‌كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر‌ بریتی بوو لە:

شه‌قامی 150 مه‌تری بازنه‌یی خێرا له‌ ڕێگه‌ی هه‌ولێر – كۆیه‌ به‌ تێچووی 582 ملیار و 100 ملیۆن دینار، شه‌قامی 120 مه‌تری بازنه‌یی خێرا له‌ هه‌ولێر به‌ تێچووی 127 ملیار دینار، شه‌قامی 150 مه‌تری بازنه‌یی خێرا له‌ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی به‌حركه‌ – دهۆك به‌ تێچووی 197 ملیار و 700 ملیۆن دینار، پڕۆژه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی دهۆك به‌ شه‌قامی 120 مه‌تری له‌ ڕێگه‌ی گه‌زنه‌ به‌ تێچووی 9 ملیار دینار.

له‌ شاری دهۆكیش، بریتی بوو لە:

قۆناغی یه‌كه‌م و دووه‌می ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاسى یۆتێرنی ماڵتا به‌ درێژی 6000 مه‌تر ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ ڕێگه‌ی بارزان، به‌ تێچووی 33 ملیار و 700 ملیۆن دینار، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ناوخۆی دیكه‌ش به‌ درێژایی زیاتر له‌ 5 كیلۆمه‌تر و تێچووی 68 ملیار و 100 ملیۆن دینار.

هه‌رچی پارێزگای سلێمانییه‌، پڕۆژه‌كان بریتی بوو له‌:

شه‌قامی 100 مه‌تری به‌ تێچووی 428 ملیار و 500 ملیۆن دینار، یه‌كتربڕی ئارام له‌ سلێمانی به‌ تێچووی 10 ملیار و 300 ملیۆن دینار، یه‌كتربڕی فارووق له‌ سلێمانی به‌ تێچووی 7 ملیار و 300 ملیۆن دینار، یه‌كتربڕی والی له‌ سلێمانی به‌ تێچووی 6 ملیار دینار، یه‌كتربڕی به‌ختیاری له‌ سلێمانی به‌ تێچووی 12 ملیار و 900 ملیۆن دینار، یه‌كتربڕی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب له‌ سلێمانی به‌ تێچووی 5 ملیار و 600 ملیۆن دینار.

جگه‌ له‌وانه‌ش له‌ماوه‌ی كابینه‌ی ‌نۆیه‌مدا كاره‌كانی ئه‌ندازه‌ی هاتووچۆ له‌ بری كۆمپانیا بیانییه‌كان، به‌ تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دراون و له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا هێلكاری بۆ 500 كیلۆمه‌تری شه‌قام كراوه‌ و وێڕای دانانی 15 هه‌زار هێمای هاتووچۆ، نزیكه‌ی 40 كیلۆمه‌تر په‌رژینی ئاسنینیش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان دانراون.

Back to top button