موسەنا ئەمین: لێكۆڵینەوەمان كرد و هیچ ساختەكارییەك بە ئامێرەكانی دەنگدان نەكراوە

موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی یەكگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد لەگەڵ كۆمسیۆن لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كردووە و لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ لە ئایتی و سۆفتوێر چوونەتە كۆمسیۆن و یەكێك لە ئامێرەكانی دەنگدانیان كردووەتەوە بۆیان دەركەوتووە كە ئامێرەكە نە توانای رەشكردنەوەی ختمی دەنگدانی هەیە و نە لە توانایشیدا هەیە كە ختم بۆ لیستێكی تر بكات.

ئەمڕۆ شەمممە 26ی ئۆكتۆبەری 2024، موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگۆی ساختەكارییەكان بەو میكانیزمەی كە گوایە ئامێرەكانی دەنگدانی كۆمسیۆن بە لیزەر دەنگی لایەنەكانی رەش كردووەتەوە و مۆری بۆ لیستێكی تر كردووە، رەتی كردەوە كە ئامێرەكە توانای هاوشێوەی هەبێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەكگرتوو روونی كردووەتەوە، چوونەتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و كەسانی پسپۆڕی ئایتی و هاردوێر و سۆفتوێریان لەگەڵ خۆیان بردووە و بۆمان دەركەوت هەندێك بۆچوون هەن راست نین، بە تایبەت كە دەڵێن: مۆرێكی تر لەناو ئامێرەكە بوونی نەبوو تا بتوانێت مۆر بۆ لیستێكی تر بكات.

موسەنا ئەمین روونیشیکردووەتەوە، خاڵێكی تر لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانمان بۆمان دەركەوت ئەوە بوو ئامێرەكە ناتوانێت مۆری دەنگدان بسرێتەوە بەو هۆیەی هیچ پارچەیەكی تایبەتمەند لەناو ئەو ئامێرە بەدی نەكرا و مۆری دەنگدانەكەیش مۆرێكی كاربۆنی تایبەتە و خۆمان لە كاغەزێكمان دا و ئاگرمان خستە نزیكی مۆرەكە و گەرماییەكی زۆرمان بۆ مۆرەكە برد، مۆرەكە نەسڕایەوە.

كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەندام پەرلەمانەکەی یەكگرتوو دوای ئەوە هات، کە بەشێك لەو حزبانەی كە ناڕازین لە كەمی دەنگەكانیان بانگەشەی ئەوە دەكەن ساختەكاری بەو دوو میكانیزمە كراوە كە موسەنا ئەمینی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیدا گەیشتووەتە ئەنجامی ئەوەی كە قسەكان بنەمایان نییە و ئێستە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە لە رووی “هاردوێر”ەوە هیچ ساختەكارییەك بە ئامێرەكان نەكراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە كە ئایا دەستكاری پڕۆگرامینگی ئامێرەكان كراوە یا نا، كە ئەمەیش رێی تێناچێت چونكە ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست یەكسان بووە بەوەی كە ئامێرەكە ژماردوویەتی لە رێگەی سۆفتوێرەكەیەوە.

Back to top button