دە ساڵ بەسەر چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تێ دەپەڕێت
دە ساڵ بەسەر چوونی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تێ دەپەڕێت، کە ئەو کات نزیکەی سەدا 80ی شارەکە کەوتبووە دەست چەکدارانی داعش.
هێزی پێشمەرگە لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی و بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، رەوانەی کۆبانێ کرا و بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان، هێزەکانی پێشمەرگە و یەپەگە توانیان تەواوی شاری کۆبانێ لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش دەربهێنن و کۆنتڕۆڵی بکەنەوە.
دە ساڵ بەرلە ئەمڕۆ، دوای 134 رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، كه رووبەری نزیکەی 80%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی داعش و بە هەزاران کەس لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش ئاوارە ببوون، لەسەر داوای سەرۆک بارزانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانەی ئەو شارە کرا، تواندرا بە هاوکاریی هاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندیی کوردانی رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێش رزگار بکرێت.
ڕۆژی 22ی 10ی ساڵی 2014 پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی بۆ تاووتوێیکردنی رەوشی کۆبانێ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ پەرلەمانی کوردستان داواکاریی سەرۆک بارزانی بۆ رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوا پەسند کرد.
ڕۆژی 28ی 10ی ساڵی 2014 یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان 150 پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووك و قورس بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتن، بە درێژایی رێگا لە باشوور، باکوور و تاگەیشتە رۆژئاوای کوردستان، ھاووڵاتیانی کورد بە سروودی نیشتمانی و بە چەپڵە لێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە کرد، چونکە بەلای کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان، رووداوی رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، رووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بووە بە درێژایی خەبات و قوربانیدانی کورد بۆ رزگاریی نیشتمانی.
لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە باڵانسی شەڕەکە گۆڕانی بەسەردا هات، شەڕڤان و پێشمەرگە شانبەشانی یەکدی رووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی کانی کوردان و گەڕەکی مەشتەل، کە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەکە بوون بەدەست چەکدارانی داعشەوە، رزگار بکەنەوە و ناوەندی شارەکە بە تەواوەتی ئازاد بکەن.