مەسعود حەیدەر: (هەژماری من) لە خزمەت مووچەخۆرانە و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لە گرنگیی پرۆژەی (هەژماری من) دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەم پرۆژەیە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییە، هاوكات بە پێویستی دەزانێت كە هەندێك حزب لە هەرێمی كوردستان، ئەم بابەتە لە ململانێی سیاسی بەدوور بگرن.
مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی (هەژماری من) و (تەوتین) بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد، هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەن کە دەبێتە بە بانکیکردنی مووچە لە کەرتی گشتى بێت یان کەرتی تایبەت (لە بانکە حكوومییەكان یان بانکی تایبەت.)
ڕوونیشی كردۆتەوە: بە پێی ماددەکانی 117 و 121ی دەستووری عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتوان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات.
هەروەك جەختی لەوە كردۆتەوە كە دادگای باڵای فیدراڵی، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی لە هەموو گرفتێک دوور خستۆتەوە و حکوومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە خەرجکردنی وەکوو هەموو دامودەزگاکانی تری عێراق.
دەشڵێت: لە روونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵیدا هاتووە کە بە بانکیکردنی (هەژماری من، تەوتین يان هەر ناوێکی تر) مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت لە هەر بانکێک بێت کە رێگەپێدراو بێت لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی كردۆتەوە كە ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بریتییە لە هەژماری من، کارێکە لە خزمەت مووچەخۆران و ئابووریی هەرێمی كوردستان و جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە، زۆرێک لە فەرمانبەرانی عێراقیش مووچەکانیان لە بانکە ناحكوومییەكان.
هەروەك هۆشداریشی داوە بەوەی، پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێم ئەم بابەتە بەدوور بگرن لە ململانێی سیاسی و یاریکردن بە سۆزی مووچەخۆرانەوە.
لە كۆتاییشدا رای گەیاندووە: پێدانی مووچە تەنها لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان هەماهەنگیی تەواویان هەیە لەمبارەیەوە.