سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق دەکات
دووشەممە 28-10-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین پێشوازیی لە دانیێل هوون، باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق کرد.
بارەگای بارزانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە “لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسڕا لە عێراق و دەستبەکاربوونی باڵیۆزی تازەی سویسڕا لە عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، ڕاشیگەیاند، گەلی کوردستان ڕێزی تایبەتی بۆ گەل و حکوومەتی سویسڕا هەیە، هەروەها سەرۆک بارزانی هیواشی خواست کە پیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەت ژێرخانی ئابووری و تەندروستی فراوانتر ببێت.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان هەبوو، هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و ئاشتیانە ڕاگەیاند و بە سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ گەلی کوردستان و دیموکراسی لە قەڵەم دا، هەر پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک بارزانی فەزڵی ئارامی و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی پڕۆسەکەی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە و کورتەیەکیشی لەبارەی هەنگاوە یاساییەکانی دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن خستەڕوو.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بوون.