دیوانی ئەنجومەنی وەزیران: ڕێکاری پێویست ئەنجام بدەن بەرامبەر ئەوانەی ڕێگریی لە پرۆژەی هەژماری من دەکەن
دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت :” ڕێکاری پێویست ئەنجام دەدرێت بەرامبەر ئەوانەی ڕێگریی لە پرۆژەی هەژماری من دەکەن.
لە نوسراوێکدا دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانەکە لەبارەی ڕێگریی کردن لە پرۆژەی هەژماری من بڕیارێکی بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە: پشت بەستن بە پەسەندکردنی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەی( هەژماری من)، پرۆژەیەکی گشتگیری و بەردەوامە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە:
یەکەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریی کردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان، یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکومی، پشتبەستن بە هەردوو ماددەی(4) و (5) لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە(14)ـی ساڵی 1991.
دووەم: وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری پێویست ئەنجامبدات بەپێی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە(14)ـی ساڵی 2008، بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان.
سێیەم: وەزارەتی داد-سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی ڕێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوکمەکانی یاسای داواکاری گشتی ژمارە(159)ـی ساڵی 1975ـی هەمووار کراو و بەپشتبەستن بەهەردوو ماددەی(231) و (240) لە یاسای سزاکان ژمارە (111)ـی ساڵی 1969، بە جووڵاندنی داوای سزای یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە.