لەژێر چاودێریی مەسرور بارزانی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێكرد
دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ سنوورەکە لە مانگی 9 ی ئەمساڵ بڕیارە لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێبکات.
لە راگەیاندراوێکدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاوی كردەوە، “لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماستەر پلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێکرد.”
راشیگەیاندووە، “دوای سەردانێکی مەیدانی تیمی دیزاینەر و کۆمپانیای جێبەجێکار، لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گفتۆگۆ لەسەر میکانیزم و جێبەجێکردنی پلانەکان کرا، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە گەورەترین ماستەرپلانی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاریش دەخرێنە واری جێبەجێکردن، سۆران لە بواری گەشتیارییەوە دەچێتە قۆناغێکی تر.”
باسی لەوەش كردووە، كە “پێشتر هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاریی سۆران لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ بەفەرمی ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیاند.”
هەروەها وەك وەبیرهێنانەوەیەك، “دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بە ئامادەکردنی ماستەرپلانێکی گەشتیاریی مۆدێرن کرد و لە ئێستادا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانییەوە دەستی پێکردووە.”