حاكم شێخ لەتیف بۆ بافڵ تاڵەبانی: زەویی سلێمانیتان نەهێشت و هەموویتان تاڵان كرد، بە گۆیژەی سیمبولی شاریشەوە

لەتیف شێخ مستەفا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە نووسینێكیدا وەڵامی دوالێدوانەكانی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە و دەڵێت: لە سلێمانی دوای ئەوەی دەشتەکان هەموو داگیر و دابەش کران، ئێستا چیاکانیش داگیر و دابەش دەکرێن.

لەتیف شێخ مستەفا، لە فەیسبووكی خۆی نووسیەتی و بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: گوتتان حکوومەتی دامەزراوەییمان نییە و هەموو شتێک بەدەست شەخسە، تۆ لە سلێمانی خراپترت كردووە،کەی ڕێگاتان داوە حکوومەتی لۆکاڵیی سلێمانی هیچیان بەدەست بێت؟ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاکاتان کردووەتە کارتۆنی و هەموو دەسەڵاتەکانتان لای خۆتان کۆ کردۆتەوە.

گوتتان: دادگامان نییە، بەڵام خۆتان دەستوەردان لە دادگاکان و دامەزراندنی پۆستە دادوەرییەکاندا دەکەن و هەموویان بە فلتەری حیزبدا نەبێ ڕێگایان پێنادرێ.

لە باسی پرسی زەویشدا، وەڵامی بافڵ دەداتەوە و دەڵێت: بۆ زەویی سلێمانی ماوە؟ لە سلێمانی دوای ئەوەی دەشتەکان هەموو داگیر و دابەش کران. ئێستا چیاکانیش داگیر و دابەش دەکرێن، بە گۆیژەی سیمبولی شاریشەوە. کاتێکیش هەندێ لە چالاکوان ویستیان گردبوونەوە بکەن دژی تێكدانی ئەو سیمبولە و بۆ پاراستنی ژینگە، هێزی دژەتیرۆر و ئاسایشتان بۆ هێنان بۆ بڵاوەپێکردنیان بە زۆری زۆرداری و هەر ڕێتان پێنەدان لەو شارەی دەڵێی ئازادی هەیە، گردبوونەوەكەش بکەن.

پەیوەست بە دەستتێوەردانی حزبییش دەڵێت: هیچ سەرۆک زانکۆ و ڕاگر و تەنانەت سەرۆکبەشێکی زانکۆ نەک هەر حکوومییەکان، بەڵکوو زۆرێک لە ئەهلییەکانیش، سەر بە خۆتان نەبێ، ڕێگایان پێنادەن دامەزرێن. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو پیاوەکانتان لەو شوێنانە ڕێگا نادەن بە کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن ڕای جیاوازیان هەبێ، نەک هەر وانە بڵێنەوە، بەڵکوو کۆڕ و سیمیناریش ببەستن و لە بواری خۆیاندا سوود بە قوتابیان و خوێندکاران بگەیەنن.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە نییە بە فلتەری حیزبدا تێنەپەڕێ، جاری وا هەیە حیزبیش تەزکیەی دەکات، بەڵام بەرپرسی حیزبیی ناوچەیی، ڕێگری دەکات و دەڵێ دەبێ خۆم کەسێک دابنێم، دیارە هەموو سێکتەرەکان وان و بە بەڵگەوە قسە دەكەم، پێویست ناکات لەوە زیاتر درێژەی بدەمێ، ئەگەر پێت خۆش بوو ڕاستیی تاڵ بزانی، ئامادەم ڕووبەڕوو پێت بڵیم.

Back to top button