پارتی وەڵامی تووندی جەمیل بایك دەداتەوە

خواكوڕك 

جەمیل بایك لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ میدیای سەر بەحزبەكەی رایگەیاندبوو، كە پارتی دیموكراتی كوردستان شنگالی بۆ داعش جێهێشت و نەیویست شەڕ لەدژی داعش بكات، بۆیە ئەوان هاتن و دەلێت ئێمە هیچ شوێنێكمان داگیر نەكردووە، لەبەرامبەر دا راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی دەداتەوەو دەلێت ( كاك جه‌میل بایك، پارتی شنگالی له‌ داعش ستانده‌وه‌)”.

مه‌حمود محه‌مه‌د راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی وتارێكی كە لە بەشی وتاری ماڵپەری خواكوڕك بڵاو كراوەتەوە دەلێت زۆرجار له‌ شه‌ڕێكدا هه‌لومه‌رجه‌كان هاوكار نابن و پاشه‌كشێی كاتی یاخود شكانیش رووده‌دات، به‌ڵام به‌ پلان و هێز و توانایه‌كی نوێوه‌ به‌ره‌نگاری دوژمن ده‌بیته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، ئه‌وه‌ی له‌ شنگال روویدا، نه‌خوازراو بوو، به‌ڵام روویدا، له‌ زۆر شه‌ڕی گه‌وره‌دا ده‌وڵه‌ت هه‌بوون سه‌رنه‌كه‌وتوون به‌ڵام ته‌سلیمی دوژمنیش نه‌بوون و دواتر تۆڵه‌ی كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر (كاك جه‌میل و كاك ره‌زا و كاك مراد) نه‌ختێك خۆیان زه‌حمه‌ت بده‌ن و مێژووی چه‌ند وڵات و چه‌ند شه‌ڕێك له‌ ئه‌وروپا و له ‌ئاسیا بخوێننه‌وه‌، زۆر بابه‌تی له‌م چه‌شنه‌یان دێته‌ به‌رچاو”.

هەروەها گوتەبێژی پارتی دەشلێت: به‌ڵێ‌ كاره‌ساتێك له‌ شنگال روویدا، به‌ڵام په‌یمان درا و شنگال ستێندرایه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای شنگال ته‌واوی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كه‌ سوپای عێڕاقی به‌جێی هێشتبوون، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ داعشی پاككردنه‌وه‌. ده‌بوایه‌ كاك جه‌میل ئه‌و هه‌موو سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی هه‌ر له‌ خانه‌قین و جه‌له‌ولاوه‌ تا كه‌ركووك و مه‌خمور و ده‌شتی نه‌ینه‌وا، نادیده‌ نه‌گرتبایه‌ و ته‌نیا باسی شكانێكی نه‌كردایه‌ ! هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ویش و حزبه‌كه‌شی قه‌ت چاوی بینینی سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنه‌كانی حزب و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیان نه‌بووه‌ و له‌مه‌و دواش چاوه‌ڕوان ناكرێت له‌ رابردوو و ئێستایان باشتربن، هەروەها دەشلێت، ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی تیۆریه‌كه‌ی هاوسه‌رۆكی (كه‌جه‌كه‌) بێت، كه‌ ئه‌گه‌ر هێزێك له‌ شه‌ڕێكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئیتر پاش ئه‌وه‌ی دوژمنه‌كه‌شی تێكشكاند و ده‌ری په‌ڕاند مافی به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌وه‌ نامێنێ‌ ! ده‌بێ‌ به‌و به‌ڕێزه‌ بڵێین: خۆت و حزبه‌كه‌ت له‌ كوێوه‌ هاتوون و ئێستا له‌كوێن؟ سه‌رتاسه‌ری ژیانی سیاسی و عه‌سكه‌ریتان شكست و هه‌ڵاتن بووه‌، دواتریش نه‌تان توانیوه‌ نزیكی ئه‌و شوێنانه‌ش ببنه‌وه‌ كه‌ له‌شه‌ڕدا شكاون و لێیان هه‌ڵاتوون، كه‌واته‌ به‌ چ حه‌قێك ته‌ده‌خولی چاره‌نووسی باكوری كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر لێی دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵاتوون و له‌ شوێنێك گریساونه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و خه‌ڵكی شوڕشگێڕی باشووری كوردستان له‌ پێناوی رزگاركردنیدا ده‌یان ساڵ شه‌ڕی بۆ كردووه‌ و قوربانی بۆداوه‌ و ئازادی كردووه‌، له‌ كاتێكدا ئێوه‌ ناوتان له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نه‌بووه‌؟!كه‌واته‌ ئێوه‌ش بۆتان نییه‌ باسی ئامه‌د و جزیرێ‌ و وان و گه‌ڤه‌ر و….هتد بكه‌ن، چونكه‌ نه‌ له‌شه‌ڕ و نه‌ له‌ سیاسه‌تدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و شكاون و لێیان هه‌ڵاتوون. ئه‌وه‌ی تۆ و هاوكارانت (ره‌زا ئاڵتون و مراد قه‌ره‌یلان) ده‌یڵێن ته‌نیا و ته‌نیا خاڵ به‌خاڵی شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت و رێگا گرتنه‌ له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وان زیره‌كن و به‌ ئێوه‌ی دژ به‌كوردی ده‌كه‌ن”.
گوتەبێژی پارتی باسی ئامانجی لەمێژینەی كورد دەكات و دەلێت ئێمه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكی شتی گه‌وره‌ین و ئێوه‌ خه‌رێكی شتی بچوك، ئێمه‌ خه‌ریكی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانین و ئێوه‌ خه‌ریكی كانتۆن و جیاكردنه‌وه‌ی شار و شاخه‌كانی كوردستانن. ئێوه‌ مادام موهیممه‌تان بوه‌ته‌ به‌رگری له‌ توركیا و عێڕاق و ئێران و سوریا، خۆ حكومه‌ته‌كانی ئێستای ئه‌م چوار وڵاته‌ زۆر به‌تواناتر له‌ ئێوه‌ پارێزگاری له‌ یه‌كپارچه‌یی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن. پرسیار لێره‌دایه‌: ئه‌و هه‌موو كوڕ و كچه‌ گه‌نجه‌ی كورد بۆ به‌كوشت ده‌ده‌ن و چۆن خه‌ڵكی باكوری كوردستان لێتان قبوڵده‌كه‌ن، ئایه‌ پڕۆژه‌ و ئه‌جێندای ئێوه‌ له‌ پڕۆگرام و ئه‌جێندای ئه‌و ولاتانه‌ باشتره‌؟ له‌ موئه‌سه‌ساتی سیاسی و یاسایی و عه‌سكه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌ دڵسۆزترن بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان؟؟! هەروەها دەشلێــت (ره‌زا ئاڵتون)گوته‌نی، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی دیموكراتی دروستده‌كه‌ن! ئه‌دی هه‌ر ئێوه‌ نه‌بوون باسی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردستانتان ده‌كرد كه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ پێك بێت و حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌تان به‌ پاشڤه‌رۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا كه‌ باسی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیان ده‌كرد؟ ئێستا كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌لومه‌رجه‌كان به‌ له‌بار ده‌زانن و زه‌مینه‌ی سه‌ربه‌خۆیی_یان سازكردوه‌، بۆ بوونه‌ته‌ دڕكی به‌رپێی ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ و هاتنه‌دی ئاواتی له‌ مێژینه‌یان؟ راسته‌ وه‌كو میزی حوشتر به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕاونه‌وه‌، به‌ڵام هێزی گه‌لی كوردستان له‌ پێشڕه‌وی دایه‌ و به‌ ئێوه‌ و ئاغاكانتان رێی لێ‌ ناگیرێ‌”.
محمود محەمەد دەشلێت،كاك ره‌زا، باس له‌ گه‌مارۆی سه‌ر بارزانی و پارتی ده‌كات! خۆتان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌، ئه‌و كوڕ و كچه‌ كوردانه‌ی بۆ كوردایه‌تی و به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تییان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێنن، بارزانی و پارتی به‌ ئێوه‌ و ئه‌وانه‌ی باسیشتان كردون گه‌مارۆ نادرێن، پارتی نه‌ بڕیاری هه‌یه‌ و نه‌ پێویستی پێیه‌تی حزبه‌كه‌ی ئێوه‌ له‌ناو به‌رێت، یه‌كێك له‌ شته‌ باشه‌كانی پارتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرێی ده‌رونی نییه‌، چونكه‌ بۆ به‌دیلی هیچ حزب و لایه‌نێك دروست نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی دیكه‌یه‌ خۆی رزگار نه‌كردووه‌ له‌و به‌دیل بوونه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه‌ ئه‌و گرێ‌ ده‌رونیه‌یان هه‌یه‌.. مانه‌وه‌ و نه‌مانه‌وه‌ی حزبه‌كه‌تان په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكی باكوری كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ئێمه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، زۆر سه‌یره‌ كاك جه‌میل و سه‌ركردایه‌تی (pkk) به‌وه‌ڕیان به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كان نییه‌ كه‌چی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ پێویست ده‌زانن! بۆچی؟ بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست هاتووه‌ و دروستكراوه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ له‌دام و ده‌زگاكانی شه‌رعی و یاسایی، له‌ جێگای ئه‌واندا دوو ئه‌نجوومه‌ن دروستبكرێن: (ئه‌نجوومه‌نی سیاسی) و (ئه‌نجوومه‌نی عه‌سكه‌ری) …. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و ته‌واوی دام و ده‌زگاكانی كه‌ تاوه‌كو ئێستا (pkk) ئیعترافی پێنه‌كردوون، له‌كار بخرێن و جه‌نابیان بێنه‌ سه‌ر ئه‌و حازریه‌ی كه‌ به‌خوێن و خه‌بات به‌ده‌ست هاتووه‌..!
گوتەبێژی پارتی باس لەجیاوازی لێدوانەكانی پەكەكە دەكات و دەلێت، هه‌ر یه‌كه‌تان قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن! تۆ ده‌ڵێی: بۆیه‌ له‌ شنگالین تا خه‌ڵكی شنگال خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری دروستبكه‌ن (كه‌ ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندی به‌ ئێوه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ خه‌ڵكی شنگال و هه‌رێمی كوردستانن بڕیار لێ‌ ده‌ده‌ن)، له‌و لاشه‌وه‌ (ره‌زا ئاڵتون) راستیه‌كه‌ی ده‌ڵی كه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵكی شنگاله‌وه‌ نییه،‌ ده‌ڵێ‌: بارزانی و پارتیمان گه‌مارۆداوه‌ له‌ شنگاله‌وه‌ تا مه‌خمور”. هه‌ڕه‌شه‌كانتان روون و ئاشكران و هه‌وڵه‌كانتان بۆ رێگا گرتنه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام دڵنیابن به‌ هیمه‌تی كوڕ و كچانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ قۆناغ به‌ قۆناغ هه‌ر له‌ لامه‌ركه‌زی و ئۆتۆنۆمیه‌وه‌ تا فیدراڵی، هه‌زاران شه‌هید و قوربانیان داوه‌، ته‌حه‌مولی كیمیا باران و ئه‌نفال و راگواستن و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و وێرانكردنی شار و لادێكانیان كردووه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ به‌شێكی زۆری مافه‌كانیان به‌ده‌ست هێناوه‌، بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌ هیچ شتێك درێغی ناكه‌ن و سه‌ركه‌وتووش ده‌بن، په‌شیمانیش بۆ ئێوه‌ و ئه‌وانه‌ی دنه‌تان ده‌ده‌ن ده‌مێنێته‌وه‌..

Back to top button