بەھۆی دروستکردنی بەنداوەکانەوە کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبوژێتەوە
گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە رۆڵی گرنگیان لە بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری ھەیە و بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی دانانی پلانێکی تایبەتن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند:” بەھۆی ئەو پلان و بەرنامەیەی کە بۆ گەشتوگوزار جێبەجێ كراوه، توانراوە کەرتی گەشتوگوزار بەرەو پێشەوە ببات و ھەر 12 جۆرەکەی ناو پلانەکە کاری سەرەکی و باشی بۆ کراوە، بەوەش گەشتیارێکی زۆر بۆ ناو ھەرێمی کوردستان لە ھەموو وەرزەکان دێن”.
گوتیشی:”ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بایەخی زیاتری پێ بدەین گەشتیاریی کشتوکاڵە کە پشت بە سروشت و بەروبوومی گوندەکان دەبەستێت و زیاتر گەشتیاری بیانی بۆ ئەو بوارە دەھێندرێت”.
روونیشیکردەوە، دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان بەتایبەت کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخێکی باشی پێدا، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژانەوەو راکێشانی گەشتیار بۆ ئەو ناوچانە، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا بە ھاوکاری و پاڵپشتی راوێژکارانی بیانیی تایبەت بەو بوارە سەرقاڵی دانانی پلان و بەرنامەین کە خۆی لە دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری و دابینکردنی ھۆکارەکانی کار ئاسانی و ڕێگەوبانین بۆ ئەو بەنداوانە کە بەھۆیەوە خزمەت بە گەشتیاران دەکرێت، بەپێدانی جۆرەکانی گەشتوگوزار زیاتر ھەوڵ دەدەن ئەو گەشتیارانە پەرەپێبەدەین کە گونجاون و ئێستا گەشتیاری کشتوکاڵی پەرە پێدەدەین و خول کراوەتەوە بۆ جووتیاران.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەنداوەکان سەرهڕای ئەوەی گرنگن بۆ کشتوکاڵ و كارەبا، ھاوکات لەلایەنی گهشتیاریش سوودی لێوەردەگرین و دەیکەینە لایەنێکی گرنگی گەشتوگوزار.