وەزارەتی ناوخۆ: فرۆشیارانی سیمکارتی تۆمارنەکراو سزای گەورەی دارایی دەدرێن

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕاسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرانبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند،” دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: بەهۆی سەرپێچی بڕیارەکان سزای ژمارەیەک فرۆشگا درا و داخران و بەدواداچوونی ڕۆژانەش بەردەوامە.

وەزارەتەکە ئاگاداری هاووڵاتییان، فرۆشگا، بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکاتەوە، کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە. ئەمەش بەشداریکردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییان.

وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریش دەدات، کە ڕێوشوێنی یاسایی توند لەبەرانبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار.

هەروەها ئاشکرای دەکات، بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8) ی ساڵی (2021)ـی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرانبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو دابڕی سێ ملیۆن دیندار سزا دەدرێت.

وەزارەتەکە دەشڵێت: بریکاری سەرەکی و لاوەکی فرۆشتنی سیمکارت پێویستە بە زووترین کات خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ/ بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان/ بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیا ئەمنییەکان و مۆڵەتپێدان تۆمار بکەن لە ڕێی پڕکردنەوەی ئەم فۆڕمە ئەلیکترۆنییە.

https://forms.gle/bM2iT331uHVMUyye9

جەخت لەوەش دەکاتەوە، تا پرۆسەی تۆمارکردن تەواو دەبێت، پێویستە بریکارەکان سیمکارت بە گوێرەی سیستمی تۆمارکردن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە فرۆشگاکانیان دادەخرێت، بە گوێرەی ڕێنمایی ئاماژەبۆکراوی سەرەوە پێبژاردنی داراییان بۆ دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکان مۆڵەتی بریکاردارێتییان لێ وەردەگیرێتەوە.

Back to top button