سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: پڕۆژەی ھەژماری من زۆر لە تەوتین فراوانترە و ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نییە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له پهرلهمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من زۆر لە تەوتین فراوانترە و ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نییە. دەشڵێ، ئەوەی دەکرێت تەنیا بۆ مەبەستی سیاسی و تێکدانە، ئەگەرنا حکوومەتی عێراق ھاوشێوەی بانکەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ بانکەکانی ھەژماری من دەکات، بۆیە پرۆسەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، له لێدوانێكییدا پهیوهست به (ھەژماری من) ڕایگەیاند: پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانکانەش کە لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، بۆیە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەرانیش لەو پڕۆژەیە بەردەوامە و فەرمانبەرێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.
سەبری گوتیشی: جێگەی داخە لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق بە ھاوکاریی ھەندێک پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە، بۆ ئەوەی ھەژماری من نەمێنێت و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تەوتین بکرێن، کە ئەمەیان ھیچ بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی تێدا نییە و ئەوەی دەکرێت بۆ مەبەستی سیاسییە، ئەگەرنا پڕۆژەی ھەژماری من، پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و دانپێدانراویشە، بۆیە ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە ھیچ جۆرێک مایەی قبووڵکردن نییە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێ: هەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە، بەڵام ئەوان مەبەستیان تێکدانە، چونکە لە ھەڵبژاردندا نەیانتوانی ئەوەی دەیانویست بە دەستی بێنن، ھاتوون دەیانەوێت بە ھەر جۆرێک بێت دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن.
ناوبراو جەختیشی کردەوە: ئەو بانکانەی لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن، ھیچیان شەخسی نین و ھەموویان ئەو بانکانەن کە حکوومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و ھاوشێوەی بانکەکانی دیکە یاسایین، بۆیە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە ئەو بانکانە شەخسین، ڕاست نییە و بانکی یاسایی و تۆمارکراون و حکوومەتی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.