دوو لقی دیکەی بانکی بازرگانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 4/11/2024، عەقیل شوێلی، راوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی بازرگانی عێراق TBI رایگەیاند: “بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پڕۆژەی (هەژماری من) واژۆ كرد.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “تەنیا یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کاتدا دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە.”

راوێژکاری راگەیاندنی بانکی بازرگانی عێراق TBI باسی لەوەش كردووە، كە لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی (هەژماری من) دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی تۆمار کردووە، ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3 هەزار و 900 کارتی تریان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە.

عەقیل شوێلی جەختی لەوەش كردەوە، پێدانی کارت و تۆمارکردنی ناوی نوێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرداوامه و ژمارەکەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

دەشڵێت: “هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سوودمەندی تەواوی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی دەبن و بەشداریکردنی TBI وەک بانکێکی حکومی، پڕۆژەی هەژماری من متمانەی زیاتری دەبێت لای فەرمانبەران.”

لێدوانەکەی راوێژكاری راگەیاندنی بانكی بازرگانی عێراق لە كاتێكدایە، دوێنێ یەکشەممە 3/11/2024، بانکی بازرگانی عێراقی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا: “رێککەوتنێکمان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) واژۆ کردووە تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان بانک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە پشتبەستن بە راسپاردەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی گرنگیی بەشداری بانکی بازرگانی عێراق لە پرسی پرۆژەی (هەژماری من) و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.”

Back to top button