سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەكات
رۆژی دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ستێڤ بیتنەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی بیستی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام رۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و سەرۆك بارزانی هێمای بەوە دا كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و ئەجێندای حكومەتی داهاتوو پێكهێناوە و راشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.