چاودێرێکی سیاسی: “هەژماری من” کۆتایی بە سەردەمی سزادانی سیاسی و نانبڕاوکردنی نەیارانی یەكێتی دەهێنێت، بۆیە بافڵ دژیەتی
سۆران خاكی، چاودێری سیاسی، رایگەیاند، دوای هاتنی بانكی بازرگانی عێراقی بۆ ناو پڕۆژەی “هەژماری من” و بەشداربوونی وەكو یەكێك لەو بانكانەی كە لە پڕۆژەكەدان، ئەوە كۆتایی بە زۆر مشتومڕی بێبەڵگە و بێئەنجام هێنا، لەمێژە ئەو راستەی یەكلا بووەتەوە كە “هەژماری من” هەژماری خەڵكی كوردستانە.
ئەو چاودێرە دەشڵێت: ”دژایەتی بافڵ تاڵەبانی و یەكێتییەكەی بۆ پڕۆژەكە، لەبەر ئەوەیە كە رێگری دەکات لەوەی پارەی تەرخانکراوی مووچە لە بانکەکان درەنگانی شەو لەلایەن یەکێتییەوە بەتاڵان ببردرێت و وا دەکات مووچەخۆرانی راستەقینە بەئاسانترین رێگە مووچەکانیان وەرگرن، نەک وەکو جاران، یەکێتی مووچە وەک کارتێکی سیاسی دژی مووچەخۆرانی سنوورەکە بەکار بهێنێت، کە ئەوەی دژی یەکێتی بێت، یان رایەکی جیاوازی هەبێت، وەک سزایەکی سیاسی خێرا مووچەکەی ببڕن و نانبڕاوی بکەن، ئیدی “هەژماری من” کۆتایی بە سەردەمی سزادانی سیاسی و نانبڕاوکردنی خەڵک دەهێنێت لەلایەن یەکێتییەوە، هەموو ئەوانە وای کردووە، بافڵ و یەکێتییەكەی دژی پڕۆژەکە بوەستنەوە، هەر خۆیان نا، بەڵکو دەست و پێوەندەکانیشیان دژی پڕۆژەکە هان داوە.“
سۆران ئاماژەی بەوەش كرد، بافڵ تاڵەبانی دژی هەموو پڕۆژەیەکی شارستانی و پێشکەوتنە، چونکە لە بنەڕەتدا حزبێکە، هێشتا ئەقڵییەتی حوکمڕانی قەرەقووش بەری نەداوە.
گوتیشی: ”یەکێتی لە هەڵبژاردندا دۆڕا، هەموو بانگەشەکانیشی دۆڕان و بوون بە کەفی سەر دەریا، بۆیە هەموو بانگەشەکانی لە پڕۆژەی (هەژماری من) کۆ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی دروشمەکانی دیکەی بەر له هەڵبژاردن لەبیر خەڵک و جەماوەرەکەی بباتەوە.“