مهسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر نۆژەنكردنەوەی یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری دا
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر نۆژەنكردنەوەی یاریگای شەهید فڕەنسۆ هەریری دا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمشەو، پارێزگاری هەولێر سەردانی یاریگاكەی كرد و وا بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا چیمەنی یاریگاكە بگۆڕدرێ و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا تەواوی یاریگاكە نۆژەن بكرێتەوە.
ئەمشەو، 5ی 11ی 2024، پارێزگای هەولێر رایگهیاند، “دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای فەڕەنسۆ ھەریری، لە ماوەیەکی کەمدا وەک قۆناغی یەکەم دەست بە گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە دەکرێت، ئەمشەو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ ڕاهێنەری یانەی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەکە، بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە کرد وەک قۆناغی یەکەم، کە چاوەڕێ دەکرێت لەم نزیکانە دەستی پێبکرێت.”
ئاماژە بەوەش دراوە، كە “پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەست خۆشی لە یاریزانان و ڕاهێنەر و سەرۆکی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، دڵخۆشی خۆی بەدەرنجامەکانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەکی خۆشی بۆ سەرکەوتنی یانەکە دووپاتکردەوە.”