بێئاگا لە مێژوو و باپیری

رۆژنامەی هەولێر لە نووسینێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویکردۆتەوە تێدا وەڵامی بافڵ تاڵەبانی داوەتەوە لە ژێر ناونیشانی بێئاگا لە مێژوو و باپیری.

دەقی وەڵامەکە :

بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مێریدا زۆر قسەی دژبەیەكی كرد، لە مەحفلێكی وەك مێریدا كە دەبێ وتەكان ڕێكوپێك و مەنتیقی و ڕاست بن، بەڵام ئەو بێ ئەوەی بیر بكاتەوە هەر قسەی فڕێ دەدا. یەكێك لە وتەكانی باسی باپیری بوو و وای لە قەڵەمدا، كە باپیرەكەی (باوكی دایكی) دامەزرێنەری پارتی بووە. ئەم ئیدعایە جگە لەوەی هەوڵدان بوو بۆ چەواشەكردنی مێژوو، گاڵتەكردنیش بوو بە ڕاستییە مێژووییەكان. لە ڕاستیدا عەیبەیەكی گەورەیە كەسێك تۆسقاڵێك لە مێژووی گەلەكەی نەزانێت، ڕێگە بەخۆی بدات خۆی لە قەرەی مێژوو بدات. بەشێك لە تێكۆشەرانی ناو یەكێتی چەند مانگ بەر لە ئێستا ئەو شاهیدییەیان دا كە بافڵ تاڵەبانی زەڕڕەیەك ئاگاداری مێژووی كورد و خەباتگێڕی نییە.

‎‏‎لەساڵی 1946ـدا كۆماری كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە هەڕەشەدا تێدەپەڕێت. بۆ ڕەگداكوتانی زیاتری خەباتی ڕزگاریخوازی كورد و بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشەكانی بارزان و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی كۆماری كوردستان بوونەوە، بارزانیی نەمر لەگەڵ ئەفسەر و ئەندامانی لیژنەی ئازادی بڕیاری دامەزراندنی حزبێكیان لە باشووری كوردستاندا كە لەگەڵ ئامانجەكانی گەلی كوردستاندا بگونجێت. بناخەی دامەزراندنی پارتی لە یەکەم کۆبوونەوەی بارزانیی نەمر لە مەهاباد لەگەڵ پارێزەر هەمزە عەبدوڵڵا، نەقیب میحراج ئەحمەد، عەقید ڕوکن عیزەت عەبدولعەزیز، نەقیب مستەفا خۆشناو، نەقیب خەیروڵا عەبدولکەریم، نەقیب محمد مەحمود قودسی و ملازم نووری ئەحمەد تەها دانرا و پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی حزبیش دیاری كرا.

‎‏‎دوای ئەوە بارزانیی نەمر و هاوڕێكانی بڕیاریاندا دامەزراندنی حزب و چالاکییەکانی ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە كوردستانی عێراق، بۆیە بڕیاریاندا هەمزە عەبدوڵڵا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ حزبی شۆڕش، ڕزگاری و لقی دیموکرات لە سلێمانی بنێردرێتەوە باشووری کوردستان. هەمزە عەبدوڵڵا بەوەش ڕاسپێردرا، كە جارێ هیچ دەسكارییەك لە پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا نەكرێت و شێخ لەتیفی كوڕی شێخ مەحموودی حەفید بكرێتە جێگری یەكەمی سەرۆك و محەمەد كاكە زیادیش بكرێتە جێگری دووەم.

‎‏‎لە کۆتاییەکانی بەهاری ١٩٤٦ هەمزە عەبدوڵا گەڕایەوە باشووری کوردستان و بۆ گەیاندنی پەیام و ڕاسپاردەكان پەیوەندی بە حزب و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە کرد، سەرکردایەتیی هەردوو حزبی شۆڕش و ڕزگاری بڕیاریاندا حزبەکانی خۆیان هەڵبوشێنەوە و بچنە ڕیزی پارتییەوە، بە مەرجێک هەردوو حزب کۆنگرەی تایبەتی خۆیان ببەستن و لە کۆنگرەدا چۆنیەتی گۆڕانکارییەکان بە ئەندامەکانیان ڕابگەیەنن. ‎کۆنگرەی ئەم دوو حزبە لە سەرەتای مانگی ئابی ١٩٤٦ كراو زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانیان هاتنەڕیزی پارتی دیموکراتی کورد و پەیڕەو و پرۆگرامەکەیان پەسەند کرد، بەشێکی کەمیش لە ‎سەرکردە و ئەندامانی حزبی شۆڕش چوونە نێو حزبی شوعی عێراقییەوە. پێشتریش هەر لەسەر بابەتی چوونە نێو پارتییەوە، حزبی ڕزگاری کۆبوونەوەیان لەگەڵ لقی باشووری کوردستانی کۆمەڵەی ژیانەوەی كردبوو، لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا بەشێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵەی ژیانەوە چوونە ڕیزی حزبی ڕزگارییەوە، تەنیا ئیبراهیم ئەحمەد داوای مۆڵەتی کرد، کەچی دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەشی هیچ وەڵامێكی نەبوو و دیار نەبوو هەڵوێستی چیی دەبێت.

‎‏‎لەدوای ئەوە لە سەرەتای ئابی ١٩٦٤ حزبی شۆڕش و حزبی ڕزگاری کورد کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆیان بەست و بڕیاری هاتنە نێو پارتییاندا. دوای تەواو بوونی ئامادەکارییەکان، حزبی نوێ (پارتی) لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە ماڵی سەعید فەهیم لە بەغدا، بە ئامادە بوونی (٧٠) نوێنەر بە نهێنی کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەست. لەو کۆنگرەیەدا بەشی هەرە زۆری ئەندامانی سەرکردایەتی حزبی شۆڕش، تەواوی سەرکردایەتی حزبی ڕزگاری جگە لە (ساڵح حەیدەری و نافع یونس)، هەروەها هەمزە عەبدوڵڵا، مەحموود ئەحمەد نوێنەری شێخ لەتیف، کاکە حەمەزیاد و ئیبراهیم ئەحمەد نوێنەرانی حزبی دیموکراتی ئێران لقی سلێمانی بەشدار بوون. ‎کۆنگرە بە سەرکەوتوویی کار و ئەرکەکانی ڕاپەڕاند و ئەندامانی کۆنگرە پاش هەڵسەنگاندنی بە کەمێک دەستکارییەوە دەقی ئەو پڕۆگرام و پەیڕەوەیان پەسەند کرد، کە لە لایەن دەستەی دامەزرێنەرەوە لە مهاباد گەڵالە کرابوو. حزبی نوێ ناوی “پارتی دیموکراتی کوردی لێنرا. لە لایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە مستافا بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردا و هەر لەسەر ڕاسپاردەی پێشوەختەی مستەفا بارزانی، ‎دوای هەڵبژاردنی ناوی حزب، دەستنیشانکردنی سەرۆک و جێگرەکانی، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە دەستکرا بە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەو ناوانە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران: ‎١ – مستەفا بارزانی، سەرۆک ‎٢ – شێخ لەتیفی شێخ مەحموود حەفید، جێگری یەکەمی سەرۆک ‎٣ – کاکە حەمەزیادی کۆیە، جێگری دووەم ‎٤ – هەمزە عەبدوڵا، سکرتێر ‎٥ – میرحاج ئەحمەد ئاکرەی، ئەندام ‎٦ – دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم، ئەندام ‎٧ – عەلی عەبدوڵا ئەمین، ئەندام ‎٨ – سەیدا ساڵح یوسفی، ئەندام ‎٩ – عەبدولکەریم تۆفیق، ئەندام ‎١٠ – ڕەشید عەبدولقادر، ئەندام ‎١١ – ڕەشید باجەلان، ئەندام ‎١٢ – مەلا سەید حەکیم خانەقینی، ئەندام ‎١٣ – عەونی یوسف ئەحمەد، ئەندام ‎١٤ – تەها محێدین مەعروف، ئەندام ‎عەبدولسەمەد بەنا یەدەگ. ‎ دواتر لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندییەوە. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی نوێ هەڵبژێردران، کە پێکهاتبوون لە: هەمزە عەبدوڵا، دکتۆر جەعفەر موحەمەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، عەبدولکەریم تۆفیق و ڕەشید عەبدولقادر.

‎‏‎ئێمە كارمان بەوەدا نییە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی چۆن بیر دەكاتەوە و پۆستاڵ لەبەر دەكات، یان لەسەر ستێج چۆن خۆی نمایش دەكات، بەڵام بۆی نییە بە كەیفی خۆی بە یەك دوو دەربڕینی سەیر و سەمەرە مێژوو بشێوێنێت. پێشنیازیش دەكەین بەر لەوەی قسە لەسەر مێژوو بكات زەحمەت بە خۆی بدات و كەمێك مێژوو بخوێنێتەوە. لەسەر بابەتی دامەزراندنی پارتی بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێین: لە پڕۆسەی دامەزراندنی پارتیدا زۆر كەسایەتی و خەباتگێڕی كورد ڕۆڵیان هەبووە و دامەزراندنی ئەو حزبە هەڵێنجراوی عەقڵێكی ستراتیژی و هەڵوێستێكی نەتەوەییانەی بارزانیی نەمر و هاوڕێكانی بووە. بەپێی هەموو بەڵگەنامەكان و دەقە مێژووییەكان لەو بڕیارە مێژوویی و یەكلاییكەرەوەیەدا باپیرەكەی هیچ شوێنپەنجەیەكی نەبووە.

Back to top button