بانکی TBI و (هەژماری من) رێککەوتنی نوێیان راگەیاند
بانکی بازرگانی عێراقی TBI و تیمی (هەژماری من) یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجامدا و ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکەیان بڵاو کرایەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، تیمی (هەژماری من) و شاندی تەکنیکی بانکی تی بی ئای یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجامدا، کە تیایدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ATM لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.”
ئەوەش خراوەتە روو: “ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی TBI بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی ڕابردووش، هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی TBI گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەست و واژوویان لەسەری کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).”
ئاماژە بەوەش دراوە: “هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوبراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت. نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ڕێکەوتنیان لەسەرکراوە بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. شایەنی باسە کە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) دەکرێت.”
روونیشیکردۆتەوە: “بۆیە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکەین کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، بەزووترین کات سەردانی بریکارانی (هەژماری من) بکەن تاکو خۆیان تۆماربکەن، و سوپاسی ئەوانەش دەکەین کە سەرەڕای بەربەستەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوەیان کرد کەوا هەژمارەکانیان بکەنەوە و کارتەکانیان وەربگرنەوە.”
هەروەها راشیگەیاندووە: “شایانی باسە تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە. هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.”