پۆرتاڵێکی گرنگ لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان کارا کرا
ئەمڕۆ یەكشەممە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، کاراکردنی “پۆرتاڵی کار”ـی راگەیاند کە تایبەت بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان.
نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایگەیاند “پۆرتاڵی کار، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن. هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە”.
گوتیشی، تا ئێستا تەنیا کەرتی تایبەت لەو پۆرتاڵە بەشدارن و هەلی کاری خۆیان تێدا ڕادەگەیەنن، هاوکات هیواخوازە لە داهاتوودا کەرتی گشتی (حکومی)ـش، بێنە ناو پۆرتاڵەکە و هەلی کار لە وەزارەتەکاندا بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێنن.