سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 11/12 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکومەت کرد. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێز لە زووترین کاتدا لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاریی و پێشهات و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و جیهان.

هەروەها بیروڕا لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستی دابینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوا ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکات بۆ مەبەستی گەشەپێدان ، بەڵام سەرنج و تێبینیشی لە سەر پرۆسەکە هەیە کە پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبێت.

Back to top button