یەكێتی تاكە لایەنە كە بە ئاشكرا هەوڵی تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی دەدات

ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامێكی توندی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەوەی هەوڵی تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دەدات، یەكێتییە.

دوای ئەوەی لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی لە نووسینێكدا خۆی و حزبەكەی وەك خەمخۆری یەكگرتوویی هەرێمی كوردستان نیشان دا و پارتی بەوە تۆمەتبار كرد گوایە هەوڵی تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی دەدات.
لە بەرامبەردا مەردان خدر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی راگەیاند، پارتی تاكە حزبە لە هەرێمی كوردستان كە ئەوپەڕی باوەڕی بە یەكڕیزی نێوماڵی هەرێمی كوردستان هەیە و لەم پێناوەشدا قوربانی زۆری بە بەرژەوەندییەكانی خۆی داوە و چەندین جار لە حەقەبەشی هەڵبژاردنی خۆی بە لایەنەكانی تر داوە لەپێناوی ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك یەك ماڵی یەكگرتوو بمێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنەكانی تر هەمیشە بەم بابەتە هەڕەشەیان لە پارتی كردووە و هەر كاتێك پارتی ویستبێتی مومارەسەی تەواوی مافەكانی خۆی بكات، ئەو لایەنانە هەڕەشەی ئەوەیان كردووە كە یەكڕیزیی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن.

جەختیشی کردەوە: ”لەتیف نێروەیی خۆی باش دەزانێ، ئەوەی نەیهێشتووە هەرێمی كوردستان وەك یەك ئیدارەی تەواوەتی دەربكەوێت یەكێتییە، هەر یەكێتییە كە رێگری لەوە دەكات بڕیارەكانی حكومەت لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، ئەگینا هەر بڕیارێك دەردەكرێت، وەك چۆن لە هەولێر جێبەجێ دەكرێت، دەبێ لە سلێمانیش بە هەمان شێوە بێت. ئەوە یەكێتییە چاوپۆشیی لە بوونی پەكەكە لە سنووری سلێمانی دەكات و كارئاسانی بۆ جموجۆڵیان دەكات بە مەبەستی دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پەكەكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەپێی بڕیاری دادگا و بە یاسا حزبێكی قەدەغەكراوە. ئەوە یەكێتییە بە ئاشكرا لە سلێمانی رێگری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەكات كە پرۆژەی حكومەتە، ئیتر ئەمە دووئیدارەیی نەبێت چییە؟ ئەوە یەكێتییە لە سلێمانی لە جیاتی بڕیاری دادگا، پەنا بۆ بڕیاری سەرۆكی حزب دەبات و بە شۆفڵ و بلدۆزەر قەڵا و ماڵی خەڵك دەڕووخێنێت! ئەوە یەكێتییە لە جیاتی پەنابردن بۆ رێگەی مەدەنی، پەنا بۆ تیرۆر و كوشتوبڕ دەبات و كادیرانی خۆی دەكوژێت، ئایا ئەمانە ئەگەر هەوڵی تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی نەبن، چین؟“

ئەندامەکەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی روونیشیكردەوە: ”ئەمانە و دەیان كاری دیكەی نایاسایی، هەوڵی ئاشكرای یەكێتین بۆ دووئیدارەیی لە كوردستان كە پێشتر لە چەندین رەنگ و شێوەدا خۆی نواندووە، بۆیە با لەتیف نێروەیی و ئەمسالەكانی واز لە خەڵەتاندنی خەڵك بهێنن، چونكە ئەوان و حزبەكەیان لە هەموو كەس زیاتر هەوڵی تۆخكردنەوەی دووئیدارەیی دەدەن.“

Back to top button