کارەبای گەڕەکێکی دیکەی هەولێر دەکرێتە 24 کاتژمێری

وەزارەتی کارەبا رایدەگەیێنێت :” کارەبای گەڕەکێکی دیکەی هەولێر دەکرێتە 24 کاتژمێری.

لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند : لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیی بۆ مەبەستی دابینکردنی کارەبای بەردەوامی نیشتمانی، کارەبای گەڕەکی سەربەستی – 32 پارک لە سەنتەری شاری هەولێر دەکرێتە 24 کاتژمێری.

وەزارەتی کارەبا، دانیشتووانی گەڕەکەکە دڵنیا دەکاتەوە لە ماوەیەکی نزیکدا، کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێری و لە پچڕانی بەردەوامی کارەبا ڕزگاریان دەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کرد، لە ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کارەبای گەڕەکەکە تووشی هەندێ پچڕانی کاتی دەبێت، بۆ ئەوەی تیمەکانی کارەبا بتوانن کارەبای 24 کاتژمێری بگەینە گەڕەکەکە.

بەمەش گەڕەکی سەربەستی، دەبێتە چوارەم گەڕەکی شاری هەولێر لە کارەبای 24 کاتژمێر سوودمەند دەبن، پێشتر هەر یەک لە گەڕەکەکانی، شادی، نازناز و بەختیاری کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.

Back to top button