مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە

بەبۆنەی 240 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، “گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خەڵکی شاری سلێمانی سەربەرز و تەواوی کوردستانیان دەکەین.”

،مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: 240 ساڵ بەر لەئێستا، لەسەر دەستی (ئیبراهیم پاشای بابان) شاری سلێمانی بنیاتنرا، سلێمانی بووە پایتەختی میرنشینی بابان و لەهەمان کاتدا بووە مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە ناوچەکە و سەرەتای پەرەپێدانی کولتوور و ئەدەب و زمانی کوردی، کە دەیان شاعیر و نووسەری گەورە لەم شارەدا دروست بوو.”

باسی لەوەش كردووە، كە “سلێمانی پێگەیەکی دیاری لەمێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردایەتیدا ھەبووە، وەک چۆن لەسەردەمی شێخ مه‌حموودی مەلیكی كوردستان پێشەنگی خەباتی كوردایەتی بووە لە شۆڕشەكانی بارزانیش باوەشێكی گەرمی كوردایەتی بووە بۆ شێخ ئه‌حمەدی بارزان و بارزانیی نەمر و بارزانییەكان.”

راشیگەیاندووە، “دوای گەڕانەوەی بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت، سلێمانی بە هەموو چین و توێژەکانییەوە بوونە پێشەنگی نوێبوونەوەی بیری نەتەوایەتی و نیشتمانی.”

هەروەها لە پەیامەكەدا، ئەوەش خراوەتە ڕوو، كە “لە هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیشدا، خەڵکی قارەمانی شاری سلێمانی و ئەم دەڤەرە، لە پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و خەباتی ئەدەب و ڕۆشنبیری ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان هەبوو.”

لە پەیامەکە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجە – ڕاپەڕین، ڕاشیگەیاندووە، كە “لە دوای نسكۆی ساڵی 1975دا و له‌ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی گوڵان، سەرەڕای پیلان و دژایەتییەكی بێ وێنەی ناحەزانی پارتی و ڕێبازی بارزانی، دڵسۆزانی ئەم شارە زیندووە و دەوروبەری، پارتی و بارزانی و كوردایەتیان پێكەوە بەستۆتەوە و تاکوو ئێستایش سەرەڕای ھەموو جۆرە پیلانگێڕیەک، بەڵام ھیچ ھێز و پیلانێک نەیتوانیوە سلێمانی و دەڤەرەکە لەپارتی و ڕێبازی بارزانی جیا بكاتەوە.”

لە كۆتاییدا، باسی لەوەش كردووە، كە “خەڵكی ئەم دەڤەرە كوردایەتی و نیشتمانپەروەرییان لەگەڵ بیروباوەڕ و خوێنیان تێكەڵ بووە، ئەمەش ھۆكار بووە، كە هەرگیز لەبەرانبەر داگیرکاریدا بێدەنگ نەبن‌ و هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری و فیکریدا بوونە و دەیان داستانی قارەمانیەتیان تۆمارکردوە، بۆیە سلێمانی هەمیشە خاوەنی جیهانبینی و ئایدیایەکی کوردانەبووە و ئێستایش، کە کوردستان و ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاریی سیاسی و ئابوورییدا تێدەپەرێت، چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکرێت، سلێمانی هاوشانی شارەکانی تری کوردستان هەر چاوەڕوانی پێشەنگی و ئیرادەیان لێ دەکرێت، بۆئەوەی گەلی کوردستان بەسەرکەوتوویی ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.”

Back to top button