ئەپیكۆر ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ پێشان دا

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە”ئەپیكور” رایدەگەیێنێت ، پێشوازی لە پێشنیازی ئەنجومەنی عێراق بۆ هەمواركردنەوەی بڕگەی دووەمی مادەی 12ـی یاسای بودجە دەكات، كە تایبەتە بە پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان.

لە راگەیاندراوێکدا ئەپیكۆر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاوی كردەوە، “بە هەمواركردنەوەی بڕگەی 12ـی یاسای بودجە، دەرفەتێكی باشمان لە بەردەمدا دەبێت بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان، كە پێوەندیدارن بە مەرجە بازرگانییەكان و پێدانی شایستە داراییەكانی هەناردەكردن لە رابردوو و داهاتووشدا لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیاوە”.

راشیگەیاندووە، بۆ دانوستانی بەرهەمدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئامادەن بۆ ئەوەی روونكردنەوە لەبارەی وردەكاریی كێشەكان و چارەسەركردنیان بخەنەڕوو، بەئامانجی ئەوەی پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی توركیاوە بگەنە رێككەوتن.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئەپیكۆر، هەژماری هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی تاگ كردووە و رایگەیاندووە، هاوڕان لەگەڵ بۆچوونەكانیان كە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان سوود بە هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

Back to top button