عەبدولستار جەباری:پێویستە کوردانی کەرکووک ناوچە کوردستانییەکان زۆر بەچڕی بەشداری سەرژمێری گشتی بکەن
مێژوونووسێک رایدەگەیەنێت، بە درێژایی مێژووی دروستبوونی عێراق و لە یەکەم سەرژمێرییەوە لە ساڵی 1927 تاکو کۆتا سەرژمێری کە لە ساڵی 1997 ئەنجامدراوە لەبەر چەند هۆکارێک زوڵم لە نەتەوەی کورد کراوە، و دەشڵێت، “بۆ زامنکردنی مافەکانیان و گەراندنەوەی زەوی و زارەکانیان پێویستە زۆر بە چڕی بەشداری پرۆسەی سەرژمێری گشتی بکەن.”
عەبدولستار جەباری نووسەر و مێژوونووسی کورد رایگەیاند، “لە دوو لایەنەوە گرنگە کوردانی خەڵکی کەرکووک ئەوانەی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن بەوپەڕی گروتینەوە بەشداری پرۆسەی سەرژمێری گشتی بکەن، یەکەمیان لایەنە نەتەوەییەکەیە کە دەبێت ئێمە وەک کورد بیسەلمێنین کە کەرکووک کوردستانییە، نەبادا ئەم سەرژمێرییە ببێتە بنەمایەک بۆ زەوتکردنی مافی کورد لەو شارە.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر کوردێک خەمسارد بێت لە خۆتۆمارکردن لە شارەکە، لەداهاتوودا کێشەی بۆ دروست دەبێت لە وەرگرتنەوەی زەوی و زارەکانی و نەک بەتەنها خۆی بەڵکو نەوەی نەوەکانیشی بێبەش و مەحروم دەبن لە وەرگرتنی زەوی و خوێندنی منداڵەکانیان و تەنانەت منداڵەکانیان دانامەزرێن و هیچ مافێکیان لەشارەکەدا نابێت.”
ئەو مێژوو نووسە روونیشیکردەوە، “زۆر گرنگە کوردانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەوپەڕی گڕوتینەوە بەرەو پیری سەرژمێری گشتی بچن بۆ ئەوەی مافی خۆیان و نەتەوەکەیان بپارێزن.