بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق پرۆژەیەکی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆژەیەکی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و پڕۆژەکە سوود لە وزەی خاوێن وەردەگرێت.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بە هاوکاریی لەگەڵ کۆمپانییەکی بیانی، پرۆژەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەهێننە هەرێمی کوردستان، هاوکات لە ئایندەیەکی نزیکدا کارە ئیدارییەکانی تەواو دەکرێت و دەستەی وەبەرهێنانیش هەموو بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەبەرهێنانی لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ تەرخانکردنی زەوی ئاگەدار کردووەتەوە، چونکە پرۆژەکە لە قۆناغی تەرخانکردنی زەویدایە”.

ئاشکرای کرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبا بۆ پرۆژەکە دابین ناکات، چونکە پرۆژەکە لەڕێگەی تیشکی خۆرەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت، دواتر بۆ بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە وێستگەکان بەکاری دەهێنێت.

یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆژەیەکی لەم شێوەیە دەکرێتەوە، هاوکات دەبێتە ژێرخانێکیش بۆ هێنانی کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ هەرێمی کوردستان.

 

Back to top button