هاووڵاتیان لەبارەی سەرژمێری و رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاگادار دەكرێنەوە
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: رۆژانی16 و 17 و 18 و 19ی ئەو مانگە كارمەندانی بژمێری ئێمە سەردانی خێزانەكان ماڵەكانیان دەكەن، پێشتر هەر لە دەرگاوە پرسیار لەبارەی خێزان کراوە، بەڵام لەم چەند رۆژە داوای كارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی هەموو ئەندامانی خێزانەكە دەکرێت، ئەگەر یەك كەسیش لە خێزانەكە ئامادەبێت، هەر دەبێـت و پێویستە بەڵگەنامەكانی ئەندامانی خێزان هەبن، پێویستیان بە پسوولەی خۆراك و كارتی زانیاری و ئەو بەڵگانە نابێت.
ئاماژەی بەوەش دا، كە لە رۆژانی 20 و 21، كارمەندانی ئامار دەچنە هەموو گەڕەك و ماڵەكان و زانیارییەكان تۆمار دەكەن، گوتیشی: “بۆ نموونە، كارمەندەكە پێشووتر لەو ماڵە پێی گوتراوە پێنج كەسن، دووبارە زانیارییەكان پشتڕاست دەكەنەوە، بۆ نموونە كەسێك لەوێ نییە، ئەو كاتە هۆكاری لەوێنەبوونی باس دەكرێت، ئەوجا لە ئەركە، یان لە سەفەرە، یان لەدەرەوەی وڵاتە، دەبێت ئاماژەی بۆ بكرێت، ئەگەر سەرۆك خێزان بڵێت كەسەكە دەگەڕێتەوە و لەدەرەوەی وڵات نامێنێت، ئەوە كارمەندەكە تۆماری دەكات، بەو مەرجەی بەڵگەنامەی كارتی نیشتمانی و ناسنامەكەی هەبێت، كارمەندەكە پرسیار لەبارەیکۆچی دوایی و لەدایكبووی تازە دەكات.
روونیشی كردەوە، كاتێك كارمەندەكە گەیشتە هەر ماڵێك و پرسیارەكانی لێ كرا، ئەوە خێزانەكە ئازادە دواتر لە ماڵ دەبێت یاخود نا.
ئەو بەرپرسەی سەرژمێری، لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ، روونكردنەوە بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: قەدەغەی هاتوچۆ وەكوو جاران و سەردەمی رژێم نییە، من لە دوو سەرژمێری كارم كردووە، كاتی خۆی پیاوێكی ئەمنییان لەسەری كۆڵان دادەنا، ئەوەی لە ماڵ دەرچووبایە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرد، بەڵام سەرژمێریی ڕۆژانی 20 و 21ی11 بەم شێوەیە نییە، ئێمە تەنیا داواكاریمان ئەوەیە، هەر كەس لە ماڵی خۆیدا بێـت و هاتوچۆ سنووردار بێت، بۆ ئەوەی هەموو كەس تۆمار بكرێت.
دەشڵێت: 21 هەزار كەسمان ئامادە دەبێت و لەو دوو رۆژە لە هەموو كووچە و كۆڵان و گەڕەكەکان بڵاو دەكرێنەوە، هەر بژمێرێك 100 خێزانی لەئەستۆدا دەبێت، بژمێرەكان خەڵكی خودی گەڕەكەكان و گوندەكان دەبن و شارەزاییان دەبێت.
باسی لەوەش كرد، كە بە رێگەی تابلێتەكان زانیاریی خێزانەكان لە رۆژانی 20 و 21 تۆمار دەکرێت، كە زانیارییەكان تۆمار كران و راست كرانەوە، ئەوكات دەچێتە سێرڤەری سەرەكی و بەرنامەكە بۆ دانیشتوان دادەخرێت، گوتیشی: دوای 21ی مانگ خولێكی پێنج رۆژە بۆ بژمێرەكانمان دەكەینەوە، بۆ بابەتی 70 پرسیارەكەی دیكە، كە دوای رۆژانی 20 و 21 زۆربەی ئەو پرسیارانە دەكرێن، بۆ نموونە بژمێرێك رۆژانە پێنج ماڵ دەكات و وەڵامی هەموو پرسیارەكان تۆمار دەكرێت، پرسیارەكانیش لەبارەی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی و باری هەژاری و خۆشگوزەرانی و پرسیار لەبارەی ئامێرەكانی ماڵەوەن.
مەحموود عوسمان داوای كرد، هاووڵاتییان وەڵامی هەموو پرسیارەكانی كارمەندەكانیان بدەنەوە و هیچ گرفتێك بۆ كەس نایتە پێشەوە، گوتیشی: ئەو پرسیارانەی دەكرێت هەم بۆ گەشەپێدانە، هەروەها دانیشتوانی هەر پارێزگایەك ژمارەی چەند بێت لەسەر ئەو بنەمایە بودجەكەی بۆ دیاریودەكرێت، هەروەها كورسیی پەرلەمانییش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دیار دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر كەسێك خەڵكی گوندێك بوو و پسوولەی خۆراكی لەو شوێنە بوو، ئاساییە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بێت و پێویست ناكات بچێتە هیچ شوێنێكی دیكە، گوتیشی: كەسێك خەڵكی سلێمانی بێت و لە هەولێر نیشتەجێ بێت، ئەوە ئاساییە و لەسەر هەولێر تۆمار دەكرێت و كارتی زانیاری داوا ناكرێت.
گوتیشی: ئەو سەرژمێرییە پەیوەندیی بە زۆر شتەوە نییە، كە خەڵكێك بە هەڵە لێكدانەوەی بۆ كردووە، گرنگە هەموو خەڵك و ئەوانەیشی لەدەرەوەی وڵاتن تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان كەم نەكات.
سەبارەت بە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، مەحموود عوسمان گوتی: بۆ ئێمە گرنگە ئەوەی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان و مادەی 140ە بگەڕێتەوە زێدی خۆی و لەوێ تۆمار بكرێت، چونكە لەدوای 2014وە عەرەبێكی زۆر لەو ناوچانە نیشتەجێ بوونە، گرنگە كورد لەو سەرژمێرییە لەو ناوچانە تۆمار بكرێن و بنووسرێن.