غه‌فوور مه‌خمووری: بۆ سەرژمێری، دەبێ هەموومان بە ماڵ و منداڵەوە لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 بین

سكرتێری گشتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان، باس له‌ بابه‌تی سه‌رژمێری ده‌كات و به ‌گرنگی ده‌زانێت، و دەڵێت پێویستە كورد له‌م سه‌رژمێرییه‌ بوونی خۆی بسەلمێنێت.

غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان، بۆ رایگەیاند: “ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ سه‌رژمێرییه‌كی گرنگه،‌ هه‌رچه‌نده‌ من تێبینیم له‌سه‌ر شێوه‌ی فۆرمه‌كه‌ هه‌یه،‌ كه‌ بابه‌تی نه‌ته‌وه‌یان لابردووه،‌ كه‌ خه‌ڵك بنووسێت كورد یان چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، به ‌رای من ده‌بوو ئه‌وه‌ هه‌بوایه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی كورد به ‌دروستی ده‌ركه‌وتایه‌ و ده‌بوو ئه‌و ناوچانه‌ی، كه‌ كوردستانین له‌ سنووری ماده‌ی 140، رێژه‌ی كورد وه‌ك خۆی یان به ‌زیادكراوی بمێنێته‌وه‌، چونكە ئه‌گه‌ر له ‌داهاتوودا راپرسی له‌و ناوچانه‌ بكرێت، ژماره‌ی كوردیش كه‌م بێت، ئێمه‌ تووشی زیان ده‌بین، بۆیه‌ گرنگه‌ خه‌ڵكی كورد له‌و ناوچانه‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن و به‌شداربوونی خه‌ڵك له‌و ناوچانه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌رێك له ‌داهاتوودا، زیاتر قه‌باره‌ی كورد بچه‌سپێت. بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتییانی سنووری ماده‌ی 140 ده‌كه‌م، كه‌ بگەڕێنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ و به‌شداریی سه‌رژمێری بكه‌ن و ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن.”

ئاماژەی بەوەش دا: “ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ ده‌توانێت ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ راپرسی ماده‌ی 140، بۆیه‌ هه‌تا به‌شداری هاووڵاتییانی كوردستان زیاتر بێت، ده‌توانێت كاریگه‌ری زیاتری هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌سپاندنی رێژە و قه‌باره‌ی كورد له‌و ناوچانه‌ و ده‌بێت به‌ هه‌موومانه‌وه‌ به‌ ماڵ و منداڵ و خێزانه‌وه‌ ئاماده ‌بین بۆ سه‌رژمێری، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی مه‌خموور و قه‌راج و كه‌ندێناوه‌.”

غەفوور مەخمووری روونیشیکردەوە: “ئێمه‌ ده‌بێت وریا و پشتئه‌ستوور بین به‌وه‌ی، ئه‌مه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان یان پارێزگاكان نییه،‌ ئه‌مه‌ چاره‌نووسازه‌ و دیاریكردنی رێژه‌ی دانیشتوانه‌، ئه‌وه‌ی دیكه‌ی كه‌ تێبینییه‌ و ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی كه‌ تازه‌ هێنراونه‌ته‌ سنووری ماده‌ی 140، نابێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر رێژە و قه‌بارەی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و ناوچانه‌.”

Back to top button