دژایەتییەكەی یەكێتی بۆ هەژماری من شكست دەهێنێت و سوودی نییە
یەكێتی بە هەموو هێزێکی حیزب و پەرلەمانتار و ئەندام و ئەوانەشی پۆستیان هەیە لە حكومەت، دژی “هەژماری من” وەستاونەتەوە و دەیانەوێت كار بكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی، بەڵام وەک هەمیشە هەوڵەكانیان هیچ سوودی نییە و شكست دەهێنن.
د.جیهاد حەسەن ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، یەكێتی زۆر بە رژدی دژی “هەژماری من”ـە، ئەوەی لەسەر ئەو حیزبە پۆستی وەرگرتبێت لەناو حكومەت، بە هەموو شێوەیەك كەوتووەتە دژایەتیكردنی “هەژماری من”، پەرلەمانتارەكانیشیان لە بەغدا هیچ ئیشیان نەماوە تەنیا ئەوە نەبێت دژی ئەو پرۆژەیە كار بكەن، حكومەتی عێراق هان بدەن دژی هەژماری من و راگرتنی ئەو پڕۆژەیە كە بۆ خزمەتی فەرمانبەرانە.
ئەندامەکەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، ئەو هەوڵانەی یەكێتی و هەر كەس و لایەنێكی تر، هیچ سوودی نابێت و شكست دەهێنن، چونكە پڕۆژەكە هی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هەموو رێكارە یاساییەكانی گرتووە، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكات و كارەكان دەكات، بانكەكانیش ئەو بانكانەی لەلایەن بانكی ناوەندی حكومەتی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە، بۆیە باشترە دانیشن و خۆیان هیلاك ناكەن، چونكە پڕۆژەكە وا گەیشتووەتە كۆتایی و سەتان هەزار كەس ئەو هەژمارەیان بۆ كراوە.
روونیشیكردەوە، ئەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم گرتوویەتەبەر، لە داهاتوویەكی نزیكدا بە ئەنجام دەگات و هەموو مووچەخۆران بۆیان دەردەكەوێت كە “هەژماری من”، شتێكی چەند باشە و لە بەرژەوەندی ئەوانە، بەپێی دواین ئاماریش ئەم مانگە لە سەرووی 150 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی “هەژماری من”ەوە مووچە وەردەگرن، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە و لە داهاتوودا دەتوانرێت بەخێرایی تەواو بكرێت، كاتێك خەرجكردنی پارە بەدەست نامێنێت و هەمووی دەبێتە كارت و ئەلیكترۆنی.