سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی مسر لە هەولێر دەکات
رۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز باڵیۆز مەحموود فاروق عامر کونسوڵی گشتی مسر لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتی مسر لە هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و رایگەیاند رێژەی بەرچاوی بەشداربوونی خەڵک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و مەدەنیانە، دەستکەوتێکی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتوویی و پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ستایشی کولتووری پێکەوەژیان و ئاشتیخوازی گەلی کوردستانی کرد و رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی ئەو کولتوورە و قووڵتربوونی بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکان نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر دا و ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە و کاریگەر وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی کردەوە وەک تاکە رێگە بۆ کۆتایهاتنی نەهامەتی و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارە رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەماهەنگی و چارەسەربوونی کێشەکان لەقەڵەم درا.