پۆلیسی هەولێر ئەو دوو تۆمەتبارەی دەستگیر كرد، كە زیاتر لە 25 ماتۆڕسكیلیان دزی بوو

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، كە زیاتر لە 25 ماتۆڕسكیلیان دزی بوو، راشیگەیاندووە: “هەر کەسێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی دزیاری و بەتایبەت ماتۆڕسکیل بکات، چاوپۆشی لێ ناکرێت.”

لە راگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، كە “بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوو تۆمەتباری بەناوەکانی (م. م. س) و (م. ل. س) دەستگیر کرد.”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە ئەو دوو تۆمەتبارە، “لە شوێنە جیاجیاکانی شاری هەولێر زیاتر لە (25) ماتۆڕسکیلیان دزی بوو و دواتر شێوەی ماتۆڕسکیلەکانیان گۆڕی بوو و فرۆشتبوویانەوە بە کەسانی تر.”

ڕوونیشی كردووەتەوە، كە “تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان، ڕادەستی دادگا کران.”

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “پۆلیسی هەولێر هۆشداری دەدات، هەر کەسێک مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی دزیاری و بەتایبەت ماتۆڕسکیل بکات، چاوپۆشی لێ ناکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەدرێتە دادگا.”

Back to top button