سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، 9 باڵەخانەی نوێی باخچە و قوتابخانەی حکوومی لە سنووری پەروەردەی هەولێر دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 11/26 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نۆ باڵەخانەی نوێی باخچە و قوتابخانەی حکوومی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر کردەوە کە یەکێکیان ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی بوو کە ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت سەردانی کرد.
سەرۆکی حکومەت دوای کردنەوەی ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، لە گوتەیەکدا ئاماژەی کرد بەوەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن و دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی چەندین قوتابخانەی تر ، ئەم قوتابخانەیە دەکەینەوە وەک نموونەیەک بۆ کردنەوەی باڵەخانەی چەندین باخچە و قوتابخانەی نوێ کە لە سەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراون.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد کە لە کاتە ناخۆش و سەختەکاندا، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن بوەستێت و ئەرکی خۆیان بە دڵسۆزییەوە جێبەجێ کردووە و نەیانهێشتووە قوتابیان لە خوێندن بێبەش بن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە “دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان ، ئومێدەوارین بتوانین لە زووترین کاتدا، حکومەتێکی نوێی بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنین تاکوو درێژە بە خزمەتگوزارییەکان و بەرنامەکانمان لە کەرتی پەرەوەردە بدەین”.
چوار هەزار و پێنجسەد قوتابی لە ژینگەی نوێی ئەو باڵەخانە نوێیانە ئەمڕۆ کرانەوە سوودمەند دەبن کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم : 3 باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای بنەسڵاوە- گەڕەکی ڕۆشنبیری- گەڕەکی زاگرۆس.
دووەم: 3 باڵەخانەی نوێ : قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە شاری پێشەنگ (هەولێر) و قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لە شاری ئازادی نوێ (هەولێر) و باخچەیەکی منداڵان لە شاری ئەتلەنتیک (هەولێر) لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان .
سێیەم : 2 دوو باڵەخانەی نوێی قوتابخانەی 18 پۆلی لە قەزای بەحرکە و هیوا ستی ( هەولێر).
چوارەم: 1 باڵەخانەی نوێی 9 پۆلی لە گوندی دوزتەپە لە ناحیەی شەمامک.