خدر مه‌نتك بۆ عه‌باس فه‌تاح: سەردەمی فیفتی ‌فیفتی به‌سه‌ر چووه، كورسییەكانی یەكێتی بەشی پۆستی زۆر باڵا ناكات

په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌ڵامی ئەندامێكی سەركردایەتی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌ و رایدەگەیەنێت كە ئەم قسانەی سەركردەكەی یەكێتی، نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا لەبن كاریگەری بەیتوبالۆرەی بانگەشەی هەڵبژاردندان.

عەباس فەتاح، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە حزبەكەی پۆستێكی هەرەباڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە مافی خۆی دەزانێت، ئەمەش لەکاتێکدایە خۆی و حزبەكەشی لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دزینی داهاتی سلێمانی و رێگەگرتن لە خزمەتكردنی دەڤەرەكە دزیوەتەوە و بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە ئەوان تەنیا لە دوو ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارن.

لە بەرامبەردا خدر مه‌نتك، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “ئەو قسانەی عەباس فەتاح دەیانكات، لەبن كاریگەری هاژوهووژ و بەیتوبالۆرە و مایك شكاندنی رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندایە و پێدەچێ سەركردەكانی یەكێتی هێشتا شۆكەكە بەرینەدابن. وادیارە سەرانی یەكێتی ماستاوچییەكانی دەرباری خۆیان تێنەگەیاندووە كە بە 23 كورسییەوە ناتوانن باسی فیفتی بە فیفتی لەگەڵ حزبێك بكەن كە 39 كورسیی هەیە و 16 كورسی لە یەكێتی زیاترە! جیا له‌وه‌ش كاتی فیفتی به ‌فیفتی نه‌ماوه‌، حه‌قت چه‌ند بوو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گریت، یه‌كێتی نازانم به‌و نه‌هج و ئامانجه‌وه‌ ده‌یه‌وێت تا كوێ بڕوات؟ خه‌ڵك چه‌واشه‌ ده‌كات یان چی؟ فه‌رموون سلێمانی كردوه‌ته‌وه‌ بارمتە و ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها تێیدا خۆیه‌تی، كه‌چی دێ ده‌یه‌وێت خەڵكی فێری حكومڕانی باش بكات! ئاخر تۆ ناوچەكەی ژێر دەستی خۆت كردووەتە نموونەی حكومڕانی خراپ، بە چ روویەك باسی حكوومڕانیی باش دەكەی؟“

زیاتر گوتی: ”عەباس فەتاح لە قسەكانیدا حزبەكەی لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە دەیان ساڵی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەدزێتەوە و تەنیا بانگەشە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەكات كە ئەو دوو ساڵە پارەیەكی زۆر لە بەغداوە دەهات و هەر كارێك لەو ماوەیەدا كرا، ئەگەر پارتی پشتیوانی نەكردایە و، ئەو پاشقوولگرتنەی یەكێتی لە كابینەكانی حكومەت گرتوویەتی ئەگەر لەو دوو ساڵە پارتی بیكردایە، بە دڵنیاییەوە یەكێتی نەك نەیدەتوانی حوكمڕانی بكات، بەڵكو تووشی ئابڕووچوون دەبوو!“

پەرلەمانتارەکەی پارتی هەروەها گوتیشی: ”سەركەوتن و شكستی هەر ناوچەیەك بەو خزمەتگوزاری و پێشكەوتنانەوەیە كە لە ناوچەكەدا كراوە، یەكێتی و پارتی لە 33 ساڵی رابردوودا هەریەكەیان ناوچەیەكیان لەدەست بووە، سەیری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بكەن چۆن پێشكەوتووە لە سایەی خزمەتەكانی پارتییەوە، سەیری دەڤەری سلێمانیش بكەن چۆن لە سایەی سیاسەتی دزی و مافیاگەریی یەكێتییەوە وێران بووە و خزمەت ناكرێ و كراوەتە شوێنی ڕاوڕووت و سەرانەسەندن و بڵاوكردنەوەی ماددەی هۆشبەر، ئنجا نەشیانهێشتووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتی پێویست بگەیەنێت بەو ناوچانە و رێگرییش بوون لەبەردەم پرۆژەكانی، بۆیە حزبێك ئەمە حاڵی ناوچەكەی ژێر دەسەڵاتی بێت، كەی شایانی ئەوەیە پۆستی باڵای پێ بدرێ؟“

لە كۆتاییشدا دووپاتی كردەوە: ”هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوڕێی نیوەڕێگا، یەكێتی یان دەبێ بە شایستەبەشی هەڵبژاردنی خۆی لە حكومەت رازی بێت، یانیش ببێتە ئۆپۆزسیۆن! كورسییەكانی یەكێتی بەشی ئەوە ناكات پۆستی زۆر باڵای هەبێت.“

Back to top button