سەرۆک بارزانی: پشکی هەرێم لە بودجەدا دادپەروەرانە نییە

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هێشتا کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەڵام نییەتێک بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە هەیە، هەروەها پشکی هەرێم لە بودجەدا دادپەروەرانە نییە. و گوتیشی: پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک بارزانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی “سکای نیوزی عەرەبی” ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد و، سەرەتاش باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە، هەروەها بۆ پێکهێنانی حکومەت پشت بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبەسترێت. هاوکات باسی لەوە کرد، پێویستە یەک حکومەت و یەک هەرێم هەبێت.

هەروەها سەرۆک بارزانی، لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، گوتی: پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدا نییە و زیانی پێ دەگات، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەم ئاشتی هەڵبژێرن.

دواتر سەرۆک بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر بەغدا لە ئاستێکی باش دان، بەڵام هێشتا لەسەر هەندێک پرس کێشە لە نێوانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نییەتێک بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە هەیە. جەختی لەوەش کردەوە، پشکی هەرێم لە بودجەدا دادپەروەرانە نییە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: لە به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نییه‌ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاڵۆز بێت، پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەردوولا ئاساییین، بەڵام ڕێگە نادەین هیچ کەسێک دەستوەردان لە کاروباری ئێمەدا بکات.

سەرۆک بارزانی، لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێکخراوی داعش، گوتی: داعش هێشتا مەترسییەکی جددی دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی “کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەبێ پڕچه‌ككردنی سوپای عێراق کێشەیە، چونکە عێراق لە هێزی ئاسمانی ڕووبەڕووی لاوازییەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.

Back to top button