ڤیان سەبری: بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “چەندین ساڵە کێشەی جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستوور و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی سیاسی و جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی نێو بودجە هەیە؛ ئەوان لە بودجەی ئەمساڵ بیانوویان ئەوەیە خەرجی عێراق 211 ترلیۆنە، دەڵێن: نەخێر ئێمە خەرجی راستەقینەمان کردووەتە 140 بۆ 150 ترلیۆن دینار، بەشی ئێمەش لەو بڕە پارەیە سەدا 12.67 دەبێت، بۆیە تا ئێستا ئەو پارەیەی کە لەو بڕە بە ئێمە دراوە تەنها 9 ترلیۆن دینارە، کە پێویست بوو 13 ترلیۆن دینار بێت، لەو چوارچێوەیەشدا مافی فەرمانبەران کە مووچەیە و دەبێت هەموو مانگێک بەغدا ئەو مافە بە مووچەخۆرانی هەرێم بدات، ئەوە مانگی 10 یە و تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە و نەنێردراوە، بۆیە پرسی خەرجی راستەقینە کێشەیەکی گەورەیە بەو بەشە پارەیەی کە دەیدەن بە ئێمە، ئاشکرایە کێشەکە سیاسییە.”

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: “لەنێو یاسای بودجەدا ماددەی پێنج، ئاماژە بەوە دەکات کە وەزیری دارایی دەسەڵاتی گواستنەوەی پارەی هەیە، ئێستا 4 ترلیۆن دینار مافی هەرێمی کوردستان لای ئەوان ماوە، وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران دەتوانن و دەسەڵاتییان هەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.”

راشیگەیاند: “هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی خۆی دەنێرێت کە دەبێت کەمتر لە چوار رۆژ وردبینی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوان بە مانگ دوای دەخەن.”
روونیشیکردەوە: “بەغدا بەپێی میزاج پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دادەنێت. بەپێی ئەو لیستەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت، پارە بە هەرێمی کوردستان نادەن.”

ڤیان سەبری گوتی: “سەرباری هەموو ئاستەنگەکانی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی کە مانگانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت.”

Back to top button