د. محەمەد شوكری: ھاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو، ھەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ سەرمایەی بیانی دەکات
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە رووسیا بەشداری لە دەیەمین كۆنفڕانس و پێشانگەی نێودەوڵەتی سانت پیتەرسبۆرگ كرد و لە پانێڵێكیدا بانگهێشتی سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی كرد، كە بێن لە كەشوهەوای لەباری كوردستان وەبەرهێنان بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی 11ی 2024، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، كە “لە میانەی بەڕێوەچوونی دەیەمین کۆنفرانس و پێشانگەی نێودەوڵەتی سانت پێتەرسبۆرگ، ئەمڕۆ چـوارشەممە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بـەشداری پانێڵێکی تایبەت بە وەبەرھێناندا کرد.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لـە پانێڵەکەیدا دەرفەتەکانی وەبەرھێنانی لـە کەرتە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربووان ئاشکرا کرد و بانگھێشتی سەرمایەداران و وەبەرھێنەرانی کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە کەشوھەوای لەباری وەبەرھێنان بـە ئامانجی پێشخستنی رەوڕەوەی وەبەرهێنان لە ھەرێمی کوردستاندا.”
هەر لە پانێڵكەدا، “سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژەی بە ھەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و دامەزراوەکانی حکومەت کرد لە پێناو چاکسازی و پەرەپێدانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان.”