بە فەرمی پارێزگاری ئیستەنبوڵ بانگهێشتی هەولێر كراوە و ئەویش قبووڵی كردووە
لەچوارچێوەی سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، پارێزگاری هەولێر سەردانی پارێزگاری ئیستەنبوڵی كرد و وێڕای گەیاندنی سڵا و ڕێزی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی پارێزگاری ئیستەنبوڵی بۆ هەولێر بانگهێشت كردووە و ئەویش قبووڵی كردووە.
پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە، “لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە پێشانگەی MUSIAD EXP 2024، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگای شارەکە، لەگەڵ داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبۆڵ کۆبوویەوە.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر و یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبۆڵ ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، وێرای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ، جەختی لە پەرەپێدان و بەهێزگردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ کردەوە.”
لەمیانەی كۆبوونەوەكەیاندا، تەوەرێكی تریان خستووەتە بەرباس، “سەبارەت بە ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتیان لە نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، گەلێک جار لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبۆڵ، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دووچاری لێپیچینەوە و ناڕەحەتی زۆر دەکرێن، هیوای خواست ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت و چیتر بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری ئیستەنبۆڵ دووپاتی، کردەوە کە چارەسەری ئەو گرفتە دەکات.”
لە كۆتایی كۆبوونوەكەدا، “پارێزگاری هەولێر بەفەرمی بانگهێشتی پارێزگاری ئیستەنبوڵی کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێر و لەبەرامبەریشدا داود گوڵ، بانگهێشتەكەی قبووڵ کرد.”