عارف روشدی: پارتی بە بەرپرسیارێتییەوە كار بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەت دەكات
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە حزبەكەی بە هەستی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە كار لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
چەند ڕۆژێكە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی پەسەند كراوە و بڕیارە لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 2024/12/2 كۆبوونەوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، وەك ئامادەكارییش بۆ ئەم پرۆسەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە پرۆسەی سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكومەت. لە هەمان كاتدا یەكێتییش بانگەشەی سەردانی لایەنەكان دەكات كە هەندێك لە چاودێران سەردانەكەی یەكێتی بە ”مەهزەلەی دوای هەڵبژاردن“ وەسف دەكەن، بەهۆی ئەوەی پارتی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە.
لەمبارەیەوە عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە ئاستێكی بەرزی بەرپرسیارێتیدا جێبەجێ كرد و جەختی لە پرۆگرام و باشتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان كردەوە و بەرهەمەكەشی چنییەوە كە ئەویش بریتی بوو لەوەی زۆرینەی هەر زۆر و باڵای دەنگدەران لە كوردستان پشتیوانییان لە پارتی كرد و لە پێگەی حزبی یەكەمی بێڕكابەردا مایەوە.
جەختی كردووەتەوە كە لە قۆناغی ئامادەكاری بۆ دەستبەكاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، پارتی هاوشێوەی ماوەی رابردوو، بە هەمان هەستی بەرزی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئیتیكی و مۆڕاڵییەوە هەنگاو دەنێت.