وەزیری شارەوانی: دەبێت هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی 11ی 2024، وەزیری شارەوانی سەرپەرشتیی وۆركشۆپێكی تایبەتی سەبارەت بە بەدواداچوونی كاری شارەوانییەكان و خێراكردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كرد.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی بڵاوی كردەوە: لە وۆڕكشۆپەكەدا ئاماژەمان بە گرنگیی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كرد و جەختمان لەسەر خێراكردنی پرۆسەكە و چارەسەركردنی هەر جۆرە گرفتێك كردەوە، كە دێنە بەردەم هەندێك لە شارەوانییەكان.

ئەوەشی خستە ڕوو: وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەكانی شارەوانی، كە لە ماوەی ڕابردوودا كاری باشیان بۆ دابەشكردنی زەوی كردووە، هاوكات جەختمان کردەوە، دەبێت بڕیاری دابەشكردنی زەوی بە ئامانجەکانی بگات و ئەو گرفتانەی لە هەندێک شارەوانیدا هەن، بەزوویی چارەسەر بکرێن و پرۆسەکە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن و لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند ببن.

لەو ورۆركشۆپەدا، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون و میكانیزمەكانی خێراكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تاوتوێ كران.

ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.

Back to top button