بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەبارەی بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان ڕێککەوتن 

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، کە تیایدا زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هاوکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان و بەرزکردنی ئاستی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ هەردوولا واژۆ کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024،کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندووە، لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، دیداری لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرۆک هەرێم، سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

هەروەها بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر بەهێزکردنی کاری هاوبەشە بنەڕەتییەکانیان وەک تاوانی ڕێکخراوەیی جددی و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان ڕێککەوتن و، بە هەمان شێوە ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی هەڵمەتی پەیوەندی پتەوتر لە هەردوو وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیارییە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە.

بەریتانیا ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەیەکی ئاسایشی سنووری هەرێمی کوردستان. لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، گوتی: “دەمەوێت سوپاسی ئەم میواندارییە بکەم، ئەمە هاوبەشییەکی نوێی گرنگە لە نێوان حکوومەتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان بۆ بنیاتنانی ئاسایش و سەلامەتی خەڵک.

هاوکات هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/28، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە کارکردنی هاوبەشی کوردستان و بەریتانیا بۆ پرسی ئابووری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کردەوە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا؛ لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولامان جەختمان لەسەر پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە، کە پەیوەندییەکی دوور و درێژە. هاوکات لێکتێگەیشتنی باش هەیە، بۆ ئەو نیگەرانییانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، سەبارەت بە کۆچی نایاسایی کە یەکێکە لە نیگەرانییەکان.

دەشڵێت: “بەڕیتانیا یەکێك بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە، بە شێوەیەکی بەردەوام پاڵپشت بووە لە پێشخستن و ئارامی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان”.

ئڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی: “شانازییەکی گەورەیە بۆ من لە هەرێمی کوردستانم، ئەمەش یەکەم سەردانمە وەك وەزیری ناوخۆ بۆ دەرەوەی ئەورووپا، کە گرنگیی پەیوەندیمان لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان نیشان دەدات.

“حکومەتەکانمان و دەسەڵاتدارەکانمان چەندین ساڵە کاری زۆریان پێکەوە کردووە بە تایبەتی لە بواری ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەو ئاستەنگانەی کە ناوچەکە ڕووبەڕووی بووەتەوە، دەمانەوێت هاوکارییەکانمان بەردەوام بێت. لە ماوەی داهاتوودا سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و بەهێزکردنی ئاسایش دەبێت و ئەو هەوڵانەش بۆ گەشەکردنی ئابووری زۆر پێویستە.

“زۆر بابەتی گرنگمان تاوتوێ کردووە لەوانە چۆنیەتیی بەردەوامبوونی هاوبەشیمان، هاوکاریکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەروەها سەرنجمان خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان و ئەو چالاکییانەی تر کە تاوانباران دەیکەن.

گوتیشی: پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە کوردستان، لە سەرانسەری عێراق و لە هەموو وڵاتان بە سەلامەتی بمێننەوە، بەوپێیەی تاوانبارە ڕێکخراوەکان لەسەر سنوورەکان کار دەکەن، پێویستمان بە هاوبەشی بەهێزی ئەمنی و ڕێککەوتنی نێوان وڵاتان هەیە؛ ئەمەش بۆ ئاسایش و گەشەکردنی ئابووری پێویستە.

لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: “ئێمە بە تامەزرۆییەوە بەردەوام دەبین لە هاوبەشیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو بواری ئابووری و ئاسایش بۆ داهاتوو، زۆر سوپاس بۆ ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی ساڵانی ڕابردوو لە هەرێمەکەتان کردووتانە”.

Back to top button