بە بەڵگە رێکەوتنی یەكێتی و وەسفی عاسی بۆ ئازادكردنی زیندانیكراوانی عەرەب لە سلێمانی ئاشكرا بوو

وەسفی عاسی، پەرلەمانتاری عەرەبی كەركووك لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبووك) رایگەیاند كە ئەمڕۆ شەممە 30ی نۆڤێمبەری 2024، یەكەمین كاروانی بەندكراوانی عەرەب لەنێو زیندانەكانی سلێمانی ئازاد دەكرێن. دواتریش میدیاكانی یەكێتی لە زاری وەسفی عاسییەوە هەمان هەواڵیان بڵاو كردەوە.
لە رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و وەسفی عاسی كە زیاتر لە سێ مانگ لەمەوبەر كراوە، یەكێك لەو خاڵانەی كە بڕیاری لێ دراوە بریتی بووە لە ئازادكردنی ئەو بەندكراوە عەرەبانەی كەركووك كە لە زیندانەكانی سلێمانیدان و بە تۆمەت و تاوانی تیرۆر گیراون، بەڵام رۆژی 27ی نۆڤێمبەری 2024یش رێككەوتنێكی دیكە لەنێوان یەكێتی و وەسفی عاسی كراوە.
بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، لە كۆبوونەوەكەدا كە وەسفی عاسی سەرۆكایەتی كردووە، هەریەك لە محەمەد حافز و رەعد ساڵح لە لایەن وەسفی و لە لایەن یەكێتییشەوە جەلال شێخ ناجی و هیوا ئەحمەد (بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش لە سلێمانی) ئامادە بوون. تێیدا واژۆ لەسەر سێ خاڵ كراوە كە بریتین لە:
– ناوی سەرجەم بەندكراوانی عەرەبی كەركووك لەنێو هەموو دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی رادەستی لێژنەكە بكرێت.
– هۆكاری دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەمان شێوە رادەستی لێژنەكە بكرێت.
– رێك كەوتوون لەسەر میكانیزمێك بۆ ئەوەی لە رۆژی شەممە 30ی نۆڤێمبەری 2024ەوە رادەستی لایەنەكانی كەركووك بكرێنەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە چاودێران پێیانوایە ئەو كەسانەی یەكێتی رادەستی وەسفی عاسییان دەكاتەوە، سەرجەمیان لەو تیرۆریستانەن كە پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەستگیر كراون و بەشێكیشیان دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە و لەنێویشیاندا پێشمەرگەكانی خودی یەكێتی سوورە.