ئەنەكەسە : هەر هەوڵێك بۆ شێواندنێكی پێكهاتەی دانیشتوان و ڕاگواستنی كورد ڕەتدەكەینەوە”

ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئەنەكەسە) بەیاننامەیەكی لەبارەی دواپەرەسەندنەكانی دۆخی سەربازی و سیاسیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاو كردووەتەوە و داوا دەكات پێكهاتەی دانیشتوانی كورد نەگۆڕدرێت و هاووڵاتییان بپارێزرێن.

لە بەیاننامەکەیدا ئەنەکەسە رایگەیاندووە، هەر هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیموگرافی و پێكهاتەی دانیشتوان لە شێوەی ڕاگواستن و ئاوارەكردن ڕەت دەكەینەوە و جەخت لەوە دەكەینەوە پێویستە دانیشتوانی كورد لە ناوچەكانیان بمێننەوە و مافەكانیان پارێزراو بێت” لەم ڕووەوەش داوا لە گەلی كورد لە ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان دەكات لە ماڵ و حاڵی خۆیاندا بمێننەوە.

هەروەها ئەنەکەسە داواش لە هێزە چەكدارەكان دەكات، هاووڵاتییانی مەدەنی بەئامانج نەگرن و ڕێزی خۆیان و ماڵ و سامانیان بگرن، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی عەفرین كە لە 2018ەوە ئاوارەی ناوچەی شەهبا بوون، بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

لە بەیاننامەکەی باسی لەوەش كردووە، ڕژێمی سووریا بەرپرسیارەتی یەكەمی بەردەوامی ئەو كارەسات و نەهامەتییانە هەڵدەگرێت كە لە سووریادا لە ئەنجامی ڕەتكردنەوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان و پەنابردن بۆ چارەسەری سیاسیی دروست هاتوونەتە كایەوە. ئەزموونی 12 ساڵی شەڕ لە سووریا، سەلماندوویەتی بژاردە سەربازییەكان ئاشتی و سەقامگیری بەدی ناهێنن، بەڵكوو كێشەی خەڵك زیاتر دەكات. بۆیەش چارەسەر تەنیا جێبەجێكردنی بڕیاری نێونەتەوەیی 2254 ــە بۆ قەیرانی سووریا.

جێگەی باسە ئەم هەڵوێستەی ئەنەكەسە دوای ئەوە دێت، كە بەشێك لە هێزە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دەستەی تەحریر شام، ناوچەی ئیدلیب و حەلەبیان لە دەستی ڕژێمی سووریا دەرهێناوە و مەترسیی هێرش و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن كەوتووەتە سەر ناوچە كوردییەكان

Back to top button