لاهور جەنگی: بافڵ تاڵەبانی پێنج هەزار سەیارەی نایاسایی داخل کردووە و پارەکەی وەرگرتووە
بافڵ تالەبانی بە دژایەتی کردنی خەڵک دەیەوێ خەڵک لە شەقام چەکی لە دژ هەڵبگرێت
دوو مانگ لەمەوبەر بافڵ تاڵەبانی مۆڵەتی داوە پێنج هەزار سەیارەی نایاسایی داخل بكرێن و پارەی وەرگرتووە
“پێش هەڵبژاردن گوتیان ئاڵای یەکێتی بەو ئۆتۆمبێلانەوە بکەن کێشەتان نابێت”
لاهور جەنگی، لە نووسینێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەسەر پرسی دەستبەسەرداگرتنی سەیارە بێمۆڵەتەكان لە پارێزگای سلێمانی نووسیویەتی: یەكێتی لە بانگەشەدا بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەڵێنی چارەسەری كێشەی سەیارە بێمۆڵەتەكانی دا، بەڵام دواتر راست دەرنەچوو، دەشڵێت: سەرۆكی یەكێتی خۆی بازرگانی هێنانی ئەو سەیارانە دەكات.
لاهور نووسیویەتی: ئەمڕۆ گوێبیستی ئەوە بووم گوایە سەیارە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵا و رەسمی سەرۆکی یەکێتی لە سەیارەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا سەیارە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بە قسەیان کردن و سەیارەکانیان سەوزپۆش کرد، ئەنجامەکەی چی بوو؟
دەشڵێت: لە 2 مانگی رابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار سەیارەی خوار مۆدێلی رێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە، پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە، کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەر جادە بێت، دەبێت دەستگیر بکرێت! جا بۆیە هەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەر جاددە، بەڵام ئەمجارەیان بە چەکەوە.
جێی باسە خەڵكی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی سەیارە بێمۆڵەتەكان لەلایەن یەكێتییەوە ناڕەزاییان تێدا دروست بووە، لە كاتێكدا خودی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی پێشتر رێگەیان داوە و مامەڵەی هێنانی سەیارەكانیان كردووە. ئەمە لە كاتێكدایە، زۆربەی ئەوانەی خاوەن ئەم جۆرە سەیارانەن، خەڵكانی كەمدەرامەت و داهات سنووردارن.