میدیای مەلا بەختیار بەڵگەی لەسەر یەكێتی بڵاو كردەوەو حیزبەکە ترس دایگرت 

دەزگای راگەیاندنی مەلا بەختیار بەڵگەی دەنگی بەرپرسێکی دیاری یەکێتی لە سلێمانی بڵاو كردەوە و رایدەگەیێنێت:” یەكێتی ترسی هەیە و بۆ مەرامی حزبی ئەم فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەكار دەهێنێت.

لە راگەیاندراوێکدا دەزگای چاودێری سەربە مەلا بەختیار، تۆمارێكی دەنگی زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكێتی بڵاو كردەوە و رایگەیاند:” زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، لە تۆمارێكی دەنگیدا داوا لە ئەندامان و كادرانی یەكێتی دەكات بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بكەن، كە سبەینێ لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

دەزگاکە راشیگەیاندووە، بەر لەهەر شتێك پێویستە بڵێین ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە لە دەرەوەی خواست و بڕیاری خاوەنە راستەقینەكانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ و مێژووەكەی بووە. بۆیە جێگەی خۆیەتی لە سۆنگەی ئەو فەرمانە حزبییە بۆ فێستیڤاڵێكی رووناكبیری، وەك لیژنەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە:

یەكەم: ئەم تۆمارە دەنگییە دەریدەخات كە بە فەرمانی حزبی سەركردایەتی یەكێتی، دەویسترێت ئەو فێستیڤاڵە ئەنجام بدرێت و قەرەباڵغ بكرێت، لە كاتێكدا لە 26 فێستیڤاڵی پێشوودا سەرپەرشتیاری گشتیی فێستیڤاڵ داوای لە هیچ حزبێك نەكردووە كە قەواعیدی خۆی بهێنێتە ناو فێستیڤاڵ.

دووەم: ئەم تۆمارە دەنگییە دەریدەخات، یەكێتی بۆ مەرامی حزبی ئەم فێستیڤاڵە بەكار دەهێنێت. لە كاتێكدا ئەوە روون و ئاشكرایە كە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بە كادری حزبی نابێت بە فێستیڤاڵی رووناكبیری و داهێنان، چونكە لە بنەمادا ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئەدیبان و رووناكبیران و نووسەرانی گەنج بووە، نەك بۆ كادرانی حزب.

سێیەم: یەكێتی و ئەو كەسانەی كە ئێستە ئەم فێستیڤاڵە ساز دەدەن، ترسی ئەوەیان هەیە خەڵك نەچێت بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناڕاستەقینەیە، بۆیە بانگەوازی حزبی دەكەن، لە كاتێكدا لە 26 فێستیڤاڵی پێشوودا بەبێ بانگەوازی حزبیش، هەمیشە ترسی ئەوە هەبووە كە هۆڵەكە جێگەی تەواوی میوان و ئامادەبووان نەبێتەوە.

Back to top button